مەرزی باشماخ رەتیدەكاتەوە رێگریان لە تیمەكانی تەندروستی كردبێت

"بە نووسراوی فەرمی چوار ناویان بە ئێمە داوە، دواتر سێ تیم ھاتوون"

K24 - ھەڵەبجە

دوای ئەوەی ئەمڕۆ بەڕێوەبەری تەندروستی پێنجوێن رایگەیاند، كە لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ رێگریان لێكراوە بچنە ناو مەرزەكەوە. بەرپرسی هۆبەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ ئەو زانیاریانە رەتدەكاتەوە و دەڵێ پێشتر بە نووسراو ناوی چوار كەس بە ئەوان دراوە، بەڵام دواتر سێ تیم چوونە بۆ ئەوەی بچنە ناو مەرزەكەوە.

موختار حاجی عەلی، بەرپرسی هۆبەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بەکوردستان24ی راگەیاند: "ئەو زانیاریانە دورە لە راستییەوە کە دکتۆر خالید عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری تەندروستی پێنجوێن رایگەیاندووە، ئێمە هیچ کاتێک رێگری لە هیچ کەسێک ناکەین، کە بیەوێت لە مەرزەکەدا خزمەتێک بکات، چ جای ئەوەی رێگری لە تیمی تەندروستی بکرێت، بەڵام دکتۆر خالید عەبدوڵڵا ناوی چوار کەسی داوە بە قایمقامییەتی شارۆچکەی پێنجوێن، بۆ ئەوەی ئەو چوار کەسە بچنە نێو مەرزەکە بۆ پێدانی رێنمایی، بەڵام کە هاتوون بۆ مەرزەکە سێ تیم بوون، بە شۆفێر و کارگوزار و پزیشکەوە، ناویان لەو نووسراوەی قایمقامییەت نەبووە کە بۆ ئێمە کراوە بۆ ئەوەی رێگەیان پێبدرێت بێنە نێو مەرزەکەوە، ئێمەش پێمان راگەیاندوون، تەنها ئەوانەی ناویان لە نووسراوەکەدا هەیە بۆیان هەیە بێنە نێو مەرزەکەوە".

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دكتۆر خالید عەبدوڵڵا، بە كوردستان24ی راگەیاندبوو، كە لەگەڵ سێ تیمی تەندروستی بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی تەندروستی، سەردانی مەرزی باشماخ-یان كردووە، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی دەروازەكە رێگریان لێكراوە بچنە ناو مەرزەكە.