لە ئیتاڵیا کەشتییەک بەتەواوی دەکرێتە نەخۆشخانەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا

کرێکەی تەنها یەک یۆرۆیە

K24 – ئیتاڵیا:

بەهۆی زۆری توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و پڕبوونی نەخۆشخانەکان، لە شاری جەنەوای هەرێمی لیگوریا لە ئیتاڵیا، کۆمپانیای (GNV) کەشتی سپلێندیت، کە بۆ گەشتیاری بەکاردەهات، دوای راوێژکردن بە حکومەتی هەرێمی لیگوریا و وەزارەتی تەندروستی و هەموو دەزگا پەیوەندیدارەکان و کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری، بڕیاریدا کەشتیەکە بکەنە نەخۆشخانەیەکی 400 قەرەوێلەیی و بیخەنە خزمەت کەرتی تەندروستی، بۆ نەخۆشەکانی کۆڤید19.

دوای گۆڕانکاری پێویست و گۆڕینی زەوی و دابینکردنی جێگای تایبەت بۆ نەخۆشەکان و ئامێری تەندروستی و پزیشک و کارمەندانی بواری تەندروستی، بڕیاردرا ئەو نەخۆشانەی کەمتر مەترسی مردنیان لەسەرە بگوازرێنەوە بۆ ناو ئەو کەشتیە و بەردەوامبن لەسەر چارەسەر وەرگرتن و کۆنترۆڵکردنیان.

کۆمپانیای (GNV) رایگەیاندووە، لە هەوڵی بەردەوامدا دەبێت بۆ زیادکردنی ئەو بیرۆکەیە و بڕیاری داوە لەگەڵ کۆمپانیاکانی تری هەرێمەکانی ئیتالیا قسە بکەن و هاوکاری زیاتری کەرتی تەندروستی بکەن، لە پێناو رزگارکردنی ژیانی زۆرترین کەس، بەتایبەتی لەم کاتەدا، کە کەرتی تەندروستی زۆرترین پێویستی هەیە و ئاماژەشیان بەوە کردووە، لە کۆتاییدا و دوای تێپەڕبوونی ئەو بارودۆخە ترسناکە و وەک پرۆتۆکۆلی فەرمی کار و کۆمپانیا، بڕی یەک یۆرۆ، وەک کرێیەکی سیمبۆلیک لە هەرێمی لیگوریا داوا دەکەن بۆ هەموو ئەو ماوەیەی لە خزمەت هەرێمی لیگوریا دەبێت.