بەهۆی كۆرۆنا هۆڵەندا تاقیکردنەوەی نیشتمانی ئەمساڵی خوێندنی راگرت

بەگوێرەی ئەنجامی تاقیكردنەوەی كۆتایی قوتابخانە دیبلۆم بە قوتابیان دەدرێت

K24- هۆڵەندا:

وەزیری پەروەردەی هۆڵەندا بڕیاریدا، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتەكەیان، تاقیكردنەوەی نیشتمانی ئەمساڵ لە ناوەندەكانی خوێندنی وڵاتەكەیان ئەنجام نادرێن و ئەنجامی تاقیکردنەوەی کۆتایی قوتابخانەکان، وەك ئەنجامی تاقیکردنەوەی نیشتمانی بەهەند وردەگیرێت و دیبلۆم بە دەرچوان دەدرێت.

دوای داخستنی بەشێکی زۆری قوتابخانەکانی هۆڵەندا لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە و نەبوونی بەرچاوڕوونی، لە دواین بڕیاری وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن و کولتوور و زانستی هۆڵەندا، بە راوێژ لەگەڵ رێکخراوەکانی پەروەردەیی، ئەمڕۆ ئاری سلۆت، وەزیری پەروەردە و فێرکردن و کولتوور و زانست رایگەیاند: ''هەموو تاقیکردنەوە نیشتمانییەکانی ئەمساڵی خوێندنی ٢٠١٩-٢٠٢٠ رادەگیرێن و ئەنجام نادرێن".

گوتیشی: "ئەنجامی تاقیکردنەوەی کۆتایی قوتابخانەکان، وەك ئەنجامی تاقیکردنەوەی نیشتمانی بەهەند وردەگیرێت و دیبلۆم بە دەرچووان دەدرێت".

وەزیری پەروەردە و فێرکردن و کولتوور و زانست، راشیگەیاند: داواکارن لە هەموو مامۆستایان و قوتابیان، باش خۆیان بۆ تاقیکردنەوەکان ئامادە بکەن و لە داهاتوویەکی نزیکدا رێنمایی نوێ سەبارەت بەو بڕیارە دەردەکەن و هەموو قوتابیان دڵنیادەکەنەوە و هەموو هەوڵێك دەدەن، دەرفەت بۆ هەموو قوتابیان برەخسێنین، دبلۆمەکانیان لەکاتی خۆیاندا وەرگرن و بە شێوەیەکی یاسایی بەردەوامی بەخوێندن بدەن، دوای تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە هەستیارە.

راگەیاندنی ئەمڕۆی ئامارەکانی توشبووان بە ڤایرۆسی کرۆنا لە هۆڵەندا گەیشتە ٥٥٦٠ کەس، لەو ژمارەیەش تا ئێستا ٢٧٦ کەس گیانیان لەدەستداوە.

رۆژانە رێنمایی و رێکاری نوێ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هۆڵەندا دەبنە بڕیار و پێویستە هەمووان پێی پابەند بن و بەرامبەر هەر بڕیارێکیش، سزای جێبەجێنەکردنی رادەگەیەندرێت.

H.B