لاڤرۆڤ: پێویسته ئه‌مه‌ریكا سزاكانی سه‌ر ئێران هه‌ڵبگرێت
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ، له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، هاوتا ئێرانییه‌كه‌ی جه‌ختیكرده‌وه، پێویسته له سه‌روبه‌ندی قه‌یرانی كۆرۆنادا ئه‌مه‌ریكا سزاكانی سه‌ر ئێران هه‌ڵبگرێت.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا له به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه، ئه‌مڕۆ لاڤرۆڤ له رێی ته‌له‌فۆنه‌وه په‌یوه‌ندی به وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریفه‌وه كردووه و هه‌ردوولا باسیان له هه‌ماهه‌نگی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا كردووه.
به گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه، له‌و په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌دا لاڤرۆڤ رایگه‌یاندووه، رووسیا به جه‌خت له‌سه‌ر كردنه‌وه داوا ده‌كات ئه‌مه‌ریكا سزا نامرۆڤانه‌كانی له‌سه‌ر ئێران هه‌ڵبگرێت كه بوونه‌ته كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ی به‌رده‌م به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له ئێران‌دا.