ترەمپ: حكومەتی توركیا و هێزە كوردییەكان لە سووریا ئامادەن بۆ رێكەوتنی ئاشتی

"هەردوو لایەن رەزامەندی خۆیان بۆ ئەو مەبەستە نیشانداوە"

K24- هەولێر:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتیكردەوە، حكومەتی توركیا و هێزە كوردییەكان لە سووریا ئامادەن رێكەوتنێكی ئاشتیانە ئیمزا بكەن و گوتی: "هەردوو لا رەزامەندی خۆیان بۆ ئەو مەبەستە نیشانداوە".

لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی "فۆكس نیوز"ـی ئەمەریكی، ترەمپ ئاشكرایكرد: "بە توركەكانم گووتووە كە رێكەوتن لەگەڵ كوردەكان بكەن، بگەنە چارەسەرێكی ئاشتیانە، بەڵام ئەردۆغان ئارەزووی ئەمە ناكات. كوردەكانیش خواستیان بۆ ئەمە نییە، لە كۆتاییدا ئەو ناوچەیە راگەیەندرا كە بە ناوچەی ئارام دەناسرێت، بەر لە نزیكەی دوو مانگ ئەمە روویدا".

سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی بەوەشدا، "ئەوەتا دووبارە دەستیان بەشەڕ كردووەتەوە، تادێت دۆخەكە ئاڵۆزتر دەبێت و وڵاتانی دیكەش دەستیان بە دەستوەردان كردووە. پێیان دەڵێم رێكەوتن واژۆ بكەن. ئەوانیش لە وەڵامدا دەڵێن: بەڵێ، واژۆی دەكەین".

ئەمە لەكاتێكدایە، توركیا لە میانەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەناوی "كانی ئاشتی" لە دژی هێزەكانی سووریای دیموكرات "هەسەدە" بە تایبەت یەكینەكانی پاراستنی گەل "یەپەگە" لە 9ی ئوكتۆبەری ساڵی رابردووەوە بە قووڵایی 30 كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكی رۆژئاوای كوردستان.

H.B