دۆخی ئابووری و بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا تەنگی بە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان هەڵچنیوە

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خواستی ئەوانی بۆ زیندوو مانەوە گوڕیوە
kurdistan24.net

K24- هەولێر:

ماوەی چەندین ساڵە، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی کرێچیەکان بەدەست دۆخی خراپی ئابووری و گرانیەوە دەنالێنن، لە ئێستاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کاریگەریەکانی، دۆخی ئەوانی سەختتر کردووە.

ترسی تووشبوون بە کۆرۆنا و گرانی بازاڕ هاووڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستانی رووبەڕووی بارودۆخێکی دەروونی خراپ کردووەتەوە، بەشێوەیەك كە نازانن خەمی خۆپاراستنیان بێت یاخود پەیداکردنی بژێوی رۆژانە.

لە شاری شنۆی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، گرانی کرێی خانوو لەلایەك و پەککەوتنی کار وکەسابەتی خەڵك لە لایەکی دیکەوە، گۆشاریان لەسەر خەڵکی زیاد کردووە.

بەپێی ئامارەکان، رێژەی لە 25%ـی خەڵکی ئێران لە خانووی کرێدا دەژین، قەیرانی دارایی ئێران کاریگەری زۆری لەسەر کرێچییەکان داناوە، بەتایبەتی لەسەر ئەو خێزانانەی هەژارن یان باری داراییان مامناوەندە.

ئەمساڵ نرخی خانوو زیاتر لە 100% بەرزبووەتەوە، ئەگەر هەر ئەمەش بۆ کرێی خانوو رەچاو بکرێت، کەسێکی کرێچی دەبێت دوو هێندەی ساڵی پار کرێ بدات.

ئەمە لەکاتێکدایە ڤایرۆسی کۆرۆناش ئابووری ئێران و سەرچاوەی داهاتی خەڵکیشی کردووەتە ئامانج و بازاڕەکانی لاواز کردووە.

ئەگەرچی پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەنها ویستی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دابینکردنی بژێوی ژیان و گەڕانەوە بۆ بارودۆخی پێش گەمارۆکان بوو، بەڵام ئێستا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کاریگەریەکانی، دۆخی ئەوانی سەختتر کردووە و خواستی ئەوانی بۆ زیندوو مانەوە گوڕیوە.

H.B