ئێران داوای ھەڵگرتنی گەمارۆكانی ئەمەریكا دەكات

روحانی: ھەوڵێك ھەیە ئەو پرسە ببرێتە ئەنجومەنی ئاسایش

K24 - ھەولێر

سەرۆک کۆماری ئێران رایەگەیەنێت، هەموو هەوڵێک دەدەن کە گوشار بۆ ئەمەریکا بهێنن، بۆ ئەوەی لە کاتی قەیرانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا گەمارۆکانی سەریان ھەڵگرن.

 بەگوتەی حەسەن روحانی، سەرکردەی هەندێک وڵات خەریکن ئەو باسە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بورژێنن.

لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا سەرۆك كۆماری گوتی: "بۆ ئەوەی رای گشتی لەسەر گەمارۆكانی سەر ئێران رابكێشین، ھەوڵێك ھەیە بۆ ئەوەی لە كاتی قەیران گەمارۆكان ھەڵگیرێن، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ھەوڵدایە و دەمانەوێت ئەو بابەتە لە ئەنجومەنی ئاسایش باس بكرێت، بۆ ئەوەی گەمارۆكان ھەڵگیرێن".

روحانی راشیگەیاند: "تائێستا كێشەی كەمی دەرمان و پەرستارمان نییە، بەرنامەڕێژێكی باش كراوە و ھەندێك وڵاتیش پێداویستی تەندروستیان بۆ ناردوین".