"هێنده‌ی نه‌ماوه‌ كارمه‌ندان و تیمی ته‌ندروستی ئیتاڵی هه‌ره‌س بهێنن"

فیدراسیۆنی پزیشكانی ئیتاڵیا: %10ی قوربانیانی كۆرۆنا كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و پزیشكانن

K24 – هۆڵه‌ندا:

ژماره‌ی قوربانیانی كۆرۆنا له‌ ئیتاڵیا گه‌یشته‌ 6 هه‌زار و 820 كه‌س و فیدراسیۆنی پزیشکانی ئیتاڵیا رایگه‌یاند، لە سەدا 10ی ئه‌و قوربانیانه‌ پزیشک و کارمەندانی تەندروستین.

یه‌كێك له‌و پزیشكانه‌ی گیانی به‌خشی، دکتۆر رۆبێرتۆ ستێللا، سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی باکوری ئیتاڵیا، بوو. ئه‌و یەکێک بوو لەو پزیشکانەی لە ریزی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەجەنگا.

ئەو پزیشکە ناسراوەی ئیتاڵیا، لە نەخۆشخانەی کۆمۆ (20 کم لەدووری میلانۆ) بەر لەوەی لە تەمەنی 67 ساڵی خۆیشی بەو دەردە بچێ و ماڵئاوایی یەکجارەکی بکات، ژیانی بۆ سەدان کەسیی نەخۆش، گەڕاندەوە.

ئەو بەردەوام دەیگوت: "ئێمە هەموومان لێرەین بە پزیشک و پەرستار و کارمەندانی ترەوە، بۆ بەرەگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە، شەو و رۆژ ناوەستین، پێویستە هەموو لایەک پابەندی رێنماییەکان بن، گەر بەوشێوەیە بڕوات و خەڵک هاوکارمان نەبن، دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەردەچێ و ئێمەی پزیشک و کارمەندانی تەندروستیش بەهۆی زۆری پشکنین و تێکەڵبوونمان بە توشبوان، ژیانمان دەکەوێتە مەترسی، بۆیە پابەندی رێنمایی و بڕیارەکان بن، تا تەشەنەی زیاتر نەکات".

له‌ ئیتاڵیا لەگەڵ ئەوەی تووندترین رێوشوێنی خۆپاراستن گیراوەتەبەر، بەڵام هۆکاری زۆربوونی توشبووان دەگەڕێننەوە بۆ پابەندنەبوونی دانیشتوان بە رێنماییەکان، بە تایبەت لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

لە جیهاندا تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، ژمارەی توشبووان 448.411 کەسە. تەنیا لە ئیتاڵیا 176.69 کەس تووشی ئەو دەردە بوونە.