سامان به‌رزنجی: ئه‌مڕۆ زیاتر له 100 نموونه‌ی پشكنین له ده‌ربه‌ندیخان وه‌رگیراون
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سامان به‌رزنجی رایگه‌یاند، ژماره‌ی تووشبووانی ده‌ربه‌ندیخان به‌راورد به ناوچه‌كانی دیكه زیاتره و ئه‌وه‌ش ده‌خوازێت لێمان به جلی خۆپارێزییه‌وه سه‌ردانی ده‌ربه‌ندیخان بكه‌ین.
گوتیشی: ئێمه له قۆناغی چاره‌سه‌ر و كۆنترۆڵكردنداین بۆ ئه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه له ده‌ست ده‌رنه‌چێت و ته‌شه‌نه نه‌كات.
هه‌روه‌ها گوتی: هیوادارین هاووڵاتیان پابه‌ندی رێكاره‌كان بن و نه‌یه‌نه ده‌ره‌وه.
ئاشكراشیكرد، ده‌ربه‌ندیخان تایبه‌تمه‌ندی هه‌یه و شاره‌كه كه‌ره‌نتین كراوه و سه‌رۆكی حكومه‌ت بودجه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ ته‌رخان كردووه.
له باره‌ی ژماره‌ی تووشبووانی ده‌ربه‌ندیخانیشه‌وه، وه‌زیری ته‌ندروستی بۆ كوردستان24 گوتی: ئه‌نجامی پشكنینه‌كان كه‌مێك دوا ده‌كه‌وێت، ته‌نیا له قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان زیاتر له 100 نموونه‌ی پشكنین وه‌رگیراوه و 17 حاڵه‌تی پشتڕاستكراوه راگه‌یه‌ندراوه و ره‌وشی نه‌خۆشه‌كان باشه و هه‌ندێك نه‌خۆشیش له قۆناغی چاكبوونهوهن و دوای چاكبوونه‌وه ره‌وانه‌ی ماڵه‌وه ده‌كرێن.