كۆرۆنا یەخەی ئیتاڵیا بەرنادات

ژمارەی مردووان 7 هەزار و 500 كەسی تێپەڕاند

K24- هەولێر:

دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا رایانگەیاند، لە 24 كاتژمێری رابردوودا 683 حاڵەتی مردن بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتەكەیان تۆماركراون، بەمەش ژمارەی كۆی ئەو كەسانەی بەهۆی ئەو پەتایە لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە 7 هەزار و 503 كەس.

ئاشكراشیان كرد، تا ئێستا 74 هەزار و 386 كەس لە سەرانسەری ئیتاڵیا تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە، لەو ژمارەیەش 9 هەزار و 362 كەس بە تەواوی لە پەتاكە چاك بوونەتەوە.

پێشتریش هەر ئەمڕۆ ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندبوو، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 296 كەس بەهۆی پەتاكە لە هەرێمی لۆمباردیای باكووری ئیتاڵیا گیانیان لەدەستداوە.

تا ئێستاش ژمارەی مردووان لەو هەرێمەی ئیتاڵیا گەیشتووەتە 4 هەزار و 474 كەس.

تا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ كۆی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرانسەری جیهان سنووری 440 هەزار حاڵەتی تێپەڕاندبوو، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 20 هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە، لەكاتێكدا 110 هەزار كەس بە تەواوی لە پەتاكە چاك بوونەتەوە.

H.B