داوا له‌ خاوه‌ن موڵكه‌كان دەكرێت له‌ كرێی خانووبه‌ره‌كانیان خۆشبن

له‌ كرێی خانووه‌كانتان خۆش بن

K24 – هه‌ولێر:

داوا له‌ هاووڵاتیان دەكرێت له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌دا، به‌ ته‌نگ هاوكاریكردنی یه‌كتره‌وه‌ بن و له‌ كرێی خانووەكانیان خۆشبن‌.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا، كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ كوردستان24 نێردراوە، سوپاسی هاووڵاتیانی كردووه‌ بۆ پابه‌ندبوونیان به‌ رێنمایی و بڕیاره‌كانی خۆپارێزییه‌وه‌.

داواشیكردووه‌، هاووڵاتیان له‌ خه‌می یه‌كدیدا بن و هاوكاری یه‌كتر بكه‌ن بۆ ده‌ربازبوون له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ی به‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا رووبه‌ڕووی ناوچه‌كه‌یان بووه‌ته‌وه‌، ره‌چاوی هه‌لومه‌رجه‌ نوێیه‌كه‌ بكه‌ن و له‌ كرێی خانووەكانیان خۆش بن، قۆرغكاری نه‌كه‌ن و رێگر بن له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی خۆراك و كاڵاكان.

هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌سه‌ر مانه‌وه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ و داوایكردووه‌، هه‌تا ده‌كرێت مه‌گه‌ر بۆ كاری زۆر پێویست، ئه‌گینا كه‌س له‌ ماڵه‌وه‌ نه‌یه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌.