مووچه‌ی ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ دابه‌ش ده‌كرێت

ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ ده‌كرێته‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، رۆژانی 29 و 30 و 31ی ئه‌م مانگه‌ و رۆژی 1ی نیسان، مووچه‌ی وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان خه‌رج ده‌كرێت.

دابه‌شكردنی مووچه‌ دوای ئه‌وه‌ دێت، ئه‌مڕۆ جووتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا، كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ كوردستان24 نێردرابوو، رایگه‌یاند، "وەزارەتەکانی (پێشمەرگە، تەندروستی، دارایی و ئابووری، ناوخۆ) موچەیان وەرگرتووە و لە گوژمەی پێویست لە داهاتی هەرێم دابین کرابوو، بۆ وەزارەت و دامەزراوەکانی تر چاوەڕێی هاتنی تەمویلەکەی بەغداین، هەرکاتێک گەیشت، راستەوخۆ دەست دەکەین بە دابەشکردنی موچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی تر بە میکانیزمێک کە رەچاوی رێنماییە تەندروستییەکان بکرێت.

هه‌روه‌ها هاتبوو: سەرجەمی موچەی موچەخۆران بۆ هەر مانگێک لە هەرێمی کوردستاندا بریتییە لە 894 ملیار دینار، لەو بڕە 453 ملیار دینار لە بەغداوە تەمویل دەکرێت، کە دەکاتە نزیکەی 51٪ کۆی پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی موچە، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە تەندروستیەو ڕاگیرانی دەوامەوە لەبەغدا، هاتنی ئەو تەمویلە دواکەوتوە، بۆ ئەو مەبەستە بەرێز وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدرال بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، بۆیە ئێمە چاوەڕێین لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو تەمویلەمان بەدەست بگات بۆ تەواوکردنی دابەشکردنی خشتەی موچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان.

حکومەتی هەرێم بەردەوامە لە هەنگاوەکانی بۆ رووبەرووبونەوەی ئەم پەتایەو کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان. سوپاسی هاوڵاتیان و دانیشتووانی هەرێم دەکەین کە تاکو ئێستا بە سەبر بوونە لەگەڵمان. ئەمرۆ رۆژی ئەوەیە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا هاوکاری یەکتر بین تاکو هەموو پێکەوە بەسەر مەترسیی ئەم پەتایە و کاریگەرییەکانی زاڵ ببین. بۆیە چاوەڕوانین گشت لایەنەکان واقعیانە دۆخەکە لێکبدەنەوە و ئەم رەوشەی هاتووەتە پێش نەکرێتە کەرستەی موزایەداتی سیاسی. ئەم هەرەشەیە تەنیا لەسەر حکومەت یان لایەنێکی سیاسی نیە، گشتمان پێکەوە ئامانجی ئەم پەتایە و لێکەوتە نەرێنیەکانین، بۆیە پێکەوەش دەتوانین بەسەر ئەم مەترسیە زاڵ ببین.