چیرۆكی ئه‌و گه‌نجه‌ 26 ساڵیه‌ی به‌هۆی كۆرۆنا مرد

ئێستا كۆرۆنا گه‌نجانیش ده‌كوژێت

K24- ئیتاڵیا:

لەسەرەتای بڵاووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە باس لە زیانی ڤایرۆسەکە دەکرا بەرامبەر بەساڵاچوان، بەڵام به‌م دواییانه‌ رۆژانه‌ چەندین هەواڵ لەسەر مردنی کەسانی گەنجی تەمەن بیست و سیەکان بڵاو ده‌بێته‌وه‌.

لە پرێداپیۆی سەر بەشاری چێزێنەی هەرێمی ئێمیلیە رۆمانیا لە ئیتالیا، گیان لەدەستدانی ئاندرێیا تێزێی تەمەن 26 ساڵ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیەندرا.

ناوبراو کەسێکی چالاك و بە سەرۆکی دیدەوانی شارۆچکەکە ناسرابوو. ئاندرێیا لەسەرەتای بڵاووبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا، نیشانەکانی تووشبوون بە کۆرۆنای تێدا دەرکەوتبوو، سەرتا لە نەخۆشخانەی چێزێنە لە بەشی چاودێری چڕ بۆ چارەسەری خه‌وێنرا، پاش چەند رۆژێك باری تەندروستی جێگیر بوو و بۆ نەخۆشخانەی شارۆچکەی فۆرلی گوازرایه‌وه‌، تا تەواو باش بووه‌وه‌ و ره‌وانه‌ی ماڵه‌وه‌ كرایه‌وه‌.

دوێنێ بەیانی کتوپڕ باری تەندروستی تێکچوو و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا گیانی له‌ده‌ستدا.

H.B