"گریزمان له بارسێلۆنا ئاسووده نییه و پێیوایه زوڵمی لێ ده‌كرێت"
به گوێره‌ی یه‌كێك له نزیكترین كه‌سه‌كانی، ئانتوان گریزیمان له بارسێلۆنا هه‌ست به ئاسووده‌یی ناكات و بیر له رۆیشتن له‌و یانه‌یه ده‌كاته‌وه، چونكه ده‌نگۆی گواستنه‌وه‌ی هێرشبه‌رێك به ته‌واوه‌تی ئه‌و یاریزانه نیگه‌ران و توڕه كردووه.
ئریك ئۆڵهاتس كه پێشتر رۆڵێكی گه‌وره‌ی له دۆزینه‌وه‌ی به‌هره‌كانی ئانتوان گریزمان بینیوه و زۆر له‌و یاریزانه نزیكه له لێدوانێكدا بۆ پێگه‌ی موندۆ دیپۆرتیڤۆی كه‌ته‌لۆنیا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه گریزمان له بارسێلۆنا زوڵمی لێ ده‌كرێت.
ئۆڵهاتس كه پێشتر له ته‌مه‌نی 14 ساڵی تواناكانی گریزمانی ده‌رخست، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه گریزمان زۆر هه‌وڵده‌دات خزمه‌تێكی باشی بارسێلۆنا بكات و خۆی له‌گه‌ڵ تیكی تاكای بارسێلۆنا بگونجێنێت، به‌ڵام ئه‌و یاریزانه كێشه‌ی هه‌یه، یه‌كێك له كێشه‌كانیش ئه‌وه‌یه یاریزانه‌كان وه‌ك پێویست پاڵپشتی ناكه‌ن و ته‌نانه‌ت زۆر به‌كه‌می پاسی ده‌ده‌نێ.
ئۆڵهاتس ده‌شڵێت: كاتێك گریزمان ئاتڵێتیكۆ مه‌دریدی جێهێشت زۆر دڵته‌نگ بووم، چونكه هه‌ستم كرد بڕیارێكی دروستی نه‌داوه، ئێستاش ده‌ركه‌وت بڕیاره‌كه‌ی 100% دروست نه‌بووه، چونكه ئه‌و یانه‌یه ناتوانێت ئیداره‌ی ئه‌و یاریزانه بكات و به‌هره‌كانی زیاتر ده‌ربخات، هێشتا وه‌رزێكی تێپه‌ڕ نه‌كردووه به دوای شوێنگره‌وه‌ی دا ده‌گه‌ڕێن، ئه‌وه‌ش به ته‌واوه‌نی وای له گریزمان كردووه كه بیر له یانه‌یه‌كی دیكه بكاته‌وه.
گریزمانی ته‌مه‌ن 29 ساڵ، پێشتر له تیپی تازه‌پێگه‌یشتووانی ریال سوسیداد ده‌ستی به یاریكردن كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه له لالیگا له كۆی 202 یاری 52 گۆڵ و 18 ئاسیستی كرد، دواتر له 2014 به به‌های 30 ملیۆن یۆرۆ روویكرده ئاتڵێتیكۆ مه‌درید، له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه 133 گۆڵ و 50 ئاسیستی كرد، پاشان له هاوینی رابردوو به 120 ملیۆن یۆرۆ هاته بارسێلۆنا، له‌گه‌ڵ یانه كه‌ته‌لۆنیاییه‌كه له كۆی 37 یاری، 14 گۆڵ و 4 ئاسیستی كرد.