نانسی پیلۆسی: باجی سینگدەرپەڕاندنەكەی ترەمپ بە گیانی ئەمەریكییەكان دەدرێتەوە

"پێویستە دوای كۆتاییهاتنی قەیرانی كۆرۆنا پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ترەمپ بكرێتەوە"

K24- هەولێر:

نانسی پیلۆسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا رەخنەی توند لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی وڵاتەكەی دەگرێت و جەخت دەكاتەوە، "بەردەوامی ترەمپ لەسەر رەتكردنەوەی راستییەكان و دواكەوتنی لە بڕیاردران دەبێتە هۆی رنینەوەی گیانی ئەمەریكییەكان".

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا لەبارەی قەیرانی ڤایرۆسی كۆرۆنا پیلۆسی گوتی: "سەرەتا رەتكردنەوەی سەرۆك بۆ راستییەكان بكوژ بوو، دواكەوتنیشی لە بڕیاردان بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی دۆخەكە بكوژێكی دیكەیە".

سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا دووپاتیكردەوە، " ئەمەریكییەكان بە گیانی خۆیان باجی سینگدەرپەڕاندنەكەی ترەمپیان دایەوە، كە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە ترەمپ لە مەترسییەكانی ڤایرۆسەكەی كەم كردەوە"، گوتیشی: "پێویستە دوای كۆتاییهاتنی ئەو قەیرانە پەڕاوی لێكۆڵینەوە لەگەڵ ترەمپدا بكرێتەوە".

نانسی پیلۆسی ئاماژەی بەوەشدا، "وڵاتەكەی ئامێری پێویستی نییە بۆ ئاشكراكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وێڕای نەبوونی كەلوپەلی خۆپارێزی بۆ كارمەندانی تەندروستی، كە ئەمەش مەترسی بۆ سەر ژیانی ئەوان هەیە".

H.B