داوا لە خەڵكی هەولێر دەكرێت بەهانای نەخۆشەكانەوە بچن

بانکی خوێن ئەرکی گواستنەوە و گەیاندنی خوێنبەخشان دەگرێتە ئەستۆ

K24- هەولێر:

لە بانگەوازێكدا رێكخراوی بەخشینی خوێن و ژیان داوا لە هاووڵاتیان دەكات، بەهانای نەخۆشانی تالاسیما و توشبووانی شێرپەنجە و ئافرەتانی سكپڕ لە نەخۆشخانەكانی شاری هەولێرەوە بچن.

دەقی بانگەوازەكەی رێكخراوی بەخشینی خوێن و ژیان:  

ئاگاداریەك بۆ مرۆڤ دۆستانی شاری هەولێر

ئازیزانمان بەهۆی کەرەنتینەکردنی هاوولاتیان و قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان بە گشتی و شاری هەولێر بە تایبەتی، نەخۆشانی تالاسیما و توشبووانی شێرپەنجە چاویان لە هیمەتی ئێوەیە.

لە لایەکی دیكەوە دایکانی دووگیان پێویستیان پێتانە، بۆ لەباوەشگرتنی کۆرپەکانیان، هیمەت بکەن و پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ بەخشینی بتڵێك خوێن.

رێکخراوی بەخشینی خوێن و ژیان بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی خوێن ئەرکی گواستنەوە و گەیاندنی خوێنبەخشان دەگرێتە ئەستۆ.

بفەرموون پەیوەندی بکەن ناو و ناونیشانتان تۆماربکەن بۆ بەیانی خوێن ببەخشن.

ئێمە لە چاوەڕوانی ئێوەین و پەیوەندی بەو ژمارە تەلەفۆنانەوە بكەن:

07501443814

07504633856

یاخود سەردانی بانکی خوێنی هەولێر بکەن لە پشت نەخۆشخانەی رزگاری.

بۆ ئەو مەبەستەش سبەی  30/3 كاتژمێر 10:00ی سەر لە بەیانی لە بانکی خوێنی هەولێر لە پشت نەخۆشخانەی رزگاری، لقی هەولێری رێکخراوی بەخشینی خوێن و ژیان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکدەخات و وردەکاری هەڵمەتەکە رادەگەینێت.

H.B