ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە رۆژھەڵاتی كوردستان 3 ھەزاری تێپەراند
K24 - ھەولێر
ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە رۆژهەڵاتی کوردستان 3 هەزاری کەسی تێپەڕاندووە، نزیكەی 250 کەسیش گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش خەڵکی نیگەران و بەرپرسانیشی دەستەوەستان کردووە، لە هەموو لایەکیشەوە داوا دەکرێت، رێنماییه تەندروستییەکان وەکوو خۆیی جێبەجێ بکرێت.
ههرچهنده لە زۆربەی شارەکان نەخۆشخانەی کاتی دروستکراوە، یان یاریگا داخراوەکان وەکوو نەخۆشخانە ئامادەکراون، بهڵام لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان حکومەت داوای یارمهتی لەسەرمایەدارەکان کردووە، بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەی تایبەت هاوكاربن، بە ئامادەکارییەکانیشەوە دیارە، رۆژانی داهاتوو بۆ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دژوار دەبێ و دەبێ چاوەڕێی زیادبوونی ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بین.
لە سهرتاسهری ئێران زیاتر لە 41 هەزار کەس هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان، کە سێ هەزاری هی رۆژهەڵاتی کوردستانن، ئەگەرچی رێژەی توشبووەکان لە کوردستان کەمترە، بەڵام هاتووچۆی بەشەکانی دیکەی ئێران بۆ کوردستان بە پاساوی جۆراوجۆر نەوەستاوە، ئەوەش نیگەرانییەکی زۆری دروستکردووەو هاووڵاتییان دەترسن، ئەوەی ئێستا لە سەقز یان دێوەڵان روودەدات، روو لە شارو ناوچەکەی ئەوانیش بکات.