جوتیار عادل: سه‌رجه‌م بڕیاره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم به كۆده‌نگی ده‌رچوونه
K24 – هه‌ولێر:
گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، جوتیار عادل رایگه‌یاند، كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم تا ئێستا هه‌شت مووچه‌ی داوه و واقیعێكی نوێ هاتووه‌ته ئاراوه و حكومه‌تی هه‌رێم له داهاتی خۆی ئه‌وله‌ویه‌تی بۆ مووچه دیاریكردووه. ئه‌مه له كاتێكدایه، داهاتی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان به رێژه‌ی له سه‌دا (70) كه‌میكردووه.
له میانی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24، جوتیار عادل گوتی: ئه‌و ره‌وشه‌ی ئێستا نوێیه، ته‌نیا ده‌رهاوێشته‌ی نه‌رێنی دارایی په‌تای كۆرۆنا كاریگه‌ری له‌سه‌ر دارایی وڵاتان و هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه. هه‌روه‌ها دابه‌زینی نرخی نه‌وت كاریگه‌ری له‌سه‌ر داهاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وڵاتان هه‌بووه. بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتیان ئاشنا بن، به‌و گۆڕانكاری و پێشهاتانه، ئه‌و دوو هۆكاره كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر داهاتی ناوخۆی هه‌رێم هه‌بووه. بۆنموونه داهاتی ناوخۆ %75 دابه‌زیوه و داهاتی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان 368 ملیار دیناری مانگانه‌وه، دابه‌زیوه بۆ 70 ملیار دینار.
هه‌روه‌ها گوتی: ئێمه له 1992ه‌وه كۆمه‌ڵێك كێشه له هه‌رێم كه‌ڵه‌كه بوونه، به‌ڵام ئێمه وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم هه‌موو هه‌وڵمان ئه‌وه‌یه مووچه دابین بكه‌ین. ئه‌و قسانه‌ی ده‌كرێن، زیاتر موزایه‌ده‌ی سیاسیین. ئێمه نامانه‌وێت شتێك به خه‌ڵك بڵێین، كه راست نه‌بێت. له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت ئێمه پابه‌ندین به‌وه‌ی راستییه‌كان بڵێین و ئه‌وله‌ویه‌تی بودجه‌ی هه‌رێم، پرسی موچه‌یه.
جوتیار عادل له باره‌ی پلانی حكومه‌ت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان رایگه‌یاند، له سه‌ره‌تاوه یاسای چاكسازیمان ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كرد و په‌سند كرا. به گوێره‌ی ئه‌و یاسایه دیراسه‌تی پرسی چاكسازی ده‌كرێت. له پلانی حكومه‌تدایه بتوانین هاوسه‌نگی له نێوان خه‌رجی و داهات بكرێت. ده‌مانه‌وێت خه‌رجی زیاده كه‌مبكرێته‌وه و نه‌هێڵرێت. هه‌وڵی فره‌سه‌رچاوه‌كردنی داهاتی هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ین. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین چاره‌سه‌رێكی ریشه‌یی بدۆزینه‌وه.
له باره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی مووچه‌یان نییه و بژێویان له‌سه‌ر كاری رۆژانه‌یانه، وته‌بێژی حكومه‌ت گوتی: ره‌چاوی ئه‌و دۆخه ناله‌باره‌ی خه‌ڵكمان كرد و له‌و چوارچێوه‌یه وه‌ك حكومه‌ت ئامارێكی تایبه‌تی له‌به‌ر ده‌ست بوو، بۆ ئه‌وانه تا توانیومانه پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانمان بۆ دابین كردوون و هه‌وڵیش ده‌ده‌ین له‌سه‌ر بنه‌مای داتای وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌ندێك كارئاسانی بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی جووڵه‌ی بازاڕ درووست ببێته‌وه.
وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به بڕیاره‌كانی حكومه‌ت و هه‌ڵوێستی لایه‌نه به‌شداربووه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م، گوتی: هه‌موو بڕیاره‌كان به بێ هه‌ڵاواردن كۆده‌نگیان له‌سه‌ر بووه و ئێمه پێمان وایه سه‌ركه‌وتنی حكومه‌ت سه‌ركه‌وتنی هه‌موو لایه‌كه و وه‌ك یه‌ك تیم له حكومه‌ت كارمان كردووه. سه‌ركه‌وتن و شكستی حكومه‌ت بۆ هه‌مووانه. حكومه‌تی هه‌رێم له ده‌ستپێكی مانگی ئابی رابردوو تا ئێستا به ته‌واوی هه‌شت مووچه‌ی داوه، به‌ڵام واقیعێك هاتووه‌ته پێشه‌وه و ئه‌و واقیعه جیاوازه و هاووڵاتیان ده‌بێت بزانن داهاتی هه‌رێم چه‌نده و ئه‌و داهاته‌ی له‌به‌ر ده‌سته ته‌رخان كراوه بۆ مووچه‌ی هاووڵاتیان.