نەوت گەورەترین دابەزین تۆماردەکات

نەوتی خاوی برێنت و تێکساس تەنھا لە مانگێكدا 55%ی نرخەكەیان لەدەستداوە

K24 - ھەولێر

نرخی نەوت بە گەورەترین دابەزینی مانگانە و وەرزی لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ داخرانی تۆمارکرد، کە لە مێژوودا هاوشێوەی نەبووە، هۆکارەکەشی دەگەڕیتەوە بۆ تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و جەنگی هەرزانکردنی نرخ لە نێوان مۆسکۆ و ریاز.

بە گوێرەی راپۆرتی ئاژانسی رۆیتەرز، هەر یەکە لە نەوتی خاوی برێنت و تێکساس لە سەرەتای ئەمساڵەوە دوو لە سەر سێی نرخەکانیان لە دەستداوە، و تەنیا لەم مانگی ئاداریشدا نزیکەی لە 55%ـی نرخەکانیان لە دەستداوە.

لە لایەکی دیکەوە خواستی جیهانی بۆ سووتەمەنی هۆکارێکی سەرەکی دیکەی دابەزینی نرخی نەوتە، کە هۆکارەکەی راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ و وەستانی هاتووچۆی گەشتە ئاسمانییەکانە، سەرەڕای ئەوەش شرۆڤەکاران و بانکەکان پێشبینی دەکەن، خواست بۆ نەوت لە مانگی نیسان بە رێژەی لە 20% بۆ 30 دابەزێت.

هاوکات لە میانی مامەڵەکاندا بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ ئاستی 25 دۆلار و 11 سەنت دابەزی و بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسیش بۆ ئاستی 20.26 دۆلار دابەزی.