ترەمپ: ئەگەر هێرش بكرێتە سەر هێزەكانمان لە عێراق ئێران باجێكی قورس دەداتەوە

"ئێران و بریكارەكانی سەرقاڵی داڕشتنی پلانن بۆ هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا"

K24- هەولێر:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتیكردەوە، ئێران و بریكارەكانی سەرقاڵی داڕشتنی پلانی بۆ هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكان لە عێراق، بەڵێنیشیدا، "ئەوان باجێكی قورس دەدەنەوە"، ئەگەر ئەو پلانەیان بە ئەنجام بگەیەنن.

لە تویتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ترەمپ نووسیویەتی: "بەگوێرەی چەند زانیارییەك كە بە دەستمان گەیشتووە، ئێران و بریكارەكانی پلان بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەك هێرش بۆ سەر هێزەكانمان و بەرژەوەندییەكانمان لە عێراق دادەڕێژن".

ترەمپ جەختی كردەوە، "ئەگەر ئەمە روویدا، ئێران باجەكەی زۆر بە قورسی دەداتەوە".

ئەمە لەكاتێكدایە، بەرپرسانی ئێران داوا لە ئەمەریكا دەكەن، بەباشی بیر لەوە بكاتەوە، لە ئەگەری هەر كردەوەیەكی گێچەڵكاری لە دژی تاران لە عێراق، وەڵامی پێشوەختەیان دەبێت و ئەمەریكا لە پلانەكانی دژ بە ئێران پەشیمان دەكەنەوە.

H.B