ھۆشداری دەدرێتە خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستان
K24 - ھەولێر
لایەنە پەیوەندیدارەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ھۆشداری دەدەن و دەڵێن، رۆژانی دژوار چاوەرێیان دەكات، ھاوكات پارێزگاری سنە لەرێگەی كوردستان24-ەوە داوا لە خەڵك دەكات لە ماڵ بمێننەوەو لە سێزدە بەدەردا روو لە ناوچە گەشتیارییەكان نەكەن.
لە دۆخی ئاسایی لە سێزدەمین رۆژی بەھاردا، خەڵكی ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان روو لە نێو سرووشت دەكەن و پشووی بەھاریان بە گەشت و سەیران كۆتایی پێدەھێنن، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا رێگە بە كەس نادرێت لە شار بچێتەدەر، پارێزگاری سنە داوا لە خەڵك دەكات لە سێزدەبەدەر لە ماڵ بمێننەوە و خۆیان بپارێزن.
بەڕێوەبەری زانكۆی پزیشكی سنە داوا لە ھەندێك ھاووڵاتی دەكات بەپەلە سەردانی نەخۆشخانەكان بكەن، ئەو دەڵێ "ھەندێك ھاووڵاتی كە نەخۆشی وەكوو شێرپەنجە و شەكرەو ھەندێك نەخۆشی دژواری دیكەیان ھەیە، لە ترسی توشبوون بە كۆرۆنا سەردانی نەخۆشخانەكان ناكەن، ئەوەش وایكردووە بەھۆی ئەو نەخۆشیانە لە ماڵەكەیاندا گیان لەدەست بدەن".
تاكوو ئێستا نزیكەی 3 ھەزار كەس لە رۆژھەڵاتی كوردستان ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان، بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی ئێرانیش نزیكەی 250 كەسیش لە 5 پارێزگای رۆژھەڵاتی كوردستان گیانیان لەدەستداوە، بەرپرسانیش نایشارنەوە كە مانگێكی دژوار رووبەڕوویانە و تاكە بژاردەی دەرچوون لەو دۆخەش لە ماڵ مانەوەیە.