دەربارەی: خوێندنی ئۆنڵاین (online)

Kurd24

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا (Covid - 19)، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هەموو دەمارەکانی ژیان لە هەموو کۆمەڵگەیەک، بێ جیاوازیی ئایین و نەژاد لە تەواوی جیهان کرد. دەرگای چوونە ژوورەوەی وڵاتانی داخست، خوێندن و چالاکییە وەرزشی و فەرهەنگییەکانی ڕاگرت. لە ڕاستیدا، تا ڕاددەیەکی زۆر ژیانی ڕاگرت، حکومەتەکانی ڕووبەڕووی کۆمەڵێک قەیڕانی زۆر گەورە کردەوە، فشارێکی زۆری خستە سەر سیستەمی تەندروستی و نەخۆشخانەکانی پڕ کرد، کار و هاتووچۆ و خوێندن راگیرا، نزیکەی چوار ملیار خەڵک لە ماڵەکان کەرەنتینە کران. زوو زوو ماوەی کەرەنتینە درێژ دەکرێتەوە و بەشێک لە زانایان لەو بڕوایەدان، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا ڤاکسینێک ئامادە دەکرێت و لە کۆتایی هاوین ژیان جارێکی دیکە ئاسایی دەبێتەوە.

داخستنی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگەکان، یەک لە کێشە گەورەکانە، دەیانەوێ بە کەمترین زیان لێی دەربچن. بۆ ئەوەش بیر لە خوێندنی ئۆنڵاین (online) کراوەتەوە. لە سوید سێ هەفتەی ڕێکە ئامادەیی و زانکۆکان ڕاگیراون و بە ئۆنڵاین دەخوێنن. لەوانەیە خوێندن بە ئۆنڵاین بۆ وڵاتانی پیشەسازی و پێشکەوتووی وەک سوید، کێشە نەبێت، چونکە لەلایەک، هەموو قوتابیێکی ئامادەیی لە رۆژی یەکەمی خوێندن لاپتۆپێکی زۆر باشیان پێدەدرێ و بۆ ماوەی سێ ساڵ لایان دەبیت و پاش خوێندنیش، ئەگەر قوتابییەک بیەوە بۆ خۆی هەڵیبگرێتەوە، بە نرخێکی زۆر کەم پێی دەفرۆشن. لەلایەکی دیکە، قوتابییان لە بەکارهێنانی ئامرازەکانی زیرەک زۆر باشن، کێشەی ئینتەرنێت و کارەباشیان نییە. بۆیە خوێندن بە ئۆنڵاین، لەوانەیە لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی دیکە جیاواز بێت. ئەگەر وردتر باس لە ئۆنڵاین لە قوتابخانەی ئامادەیی "تولینگە" لە باشووری ستۆکهۆڵم بکەین، بەو جۆرەی خوارەوەیە:

قوتابییانی قۆناغی یەکی ئامادەیی (10) وانەیان هەیە. خوێندنیان ڕۆژانە لە 8.30 تا 15.30 بەردەوامە. هەموو ڕۆژێک پێش ئەوەی دەست بە خوێندن بکەن، لە ڕێگای sms نامەیەکیان لە مامۆستاوە پێدەگات و لەو نامە کۆدێک هەیە، چۆن داخلی google meet بن، کە لە ڕێگایەوە و ناوی ئامادەبووان دەزاندرێت. هەر وانەیەک کۆدی تایبەتی خۆی هەیە و کۆدەکانیش زوو زوو دەگۆڕدرێن، بۆ ئەوەی خەڵکی دەرەوە نەیەنە ناو کلاس. ئێستا هەر قوتابییەک لە ماڵەوە، کە ژمارەیان 30 کەسە، دەچنە نێو ئەو پڕۆگرامە. مامۆستای وانە لە شاشەی کۆمپیوتەر، بە شێوەی لایڤ دیارە، لە کاتی خۆی ناوی قوتابییان دەخوێنێتەوە، قوتابییانیش دەبی بە بەڵێ، وەڵامی بدەنەوە. لە پێشەکی، بە چەند خولەکێک باس لە وانەکە دەکرێ. هەموو قوتابییان مامۆستا دەبینن، بەڵام مامۆستا قوتابییەکانی نابینێت. ئەگەر قوتابیێک ئارەزووی هەبێت ببیندرێت، ڕێگا پێدراوە.

بەکارهێنانی بەرنامەی google meet تەنیا بۆ ئەوەیە، مامۆستا بزانێت: ئایا هەموو قوتابییەکان ئامادەن، یان ئامادەنین. مامۆستا وانەی خۆی دەڵێتەوە، ئەگەر قوتابیێک بیەوێ پرسیار بکات، یان لە ڕێگای چات پرسیاری خۆی دەنووسێت، یانیش مایکڕۆفۆن دەکاتەوە و پرسیاری خۆی لە مامۆستا دەکات.

بۆ هەر وانەیەک کڵاسڕوومێک هەیە، لەوێندەر هەموو ئەو زانیارییانە دادەندرێن، کە قوتابی چ بخوێنێت و ئەرکی ماڵەوەی چییە. هەر بۆ نموونە دەڵێن بۆ ماوەی ١٥ خولەک سەیری فڵانە فیلم بکە و وەڵامی پرسیارەکانیش بدەوە، یان فڵانە گوتار، کتێب، پاوەر پۆینت بخوێنەوە و وەڵامی پرسیارەکان بدەوە. پێنج خولەک پێش ئەوەی وانە تەواو بێت، جارێکی دیکە مامۆستا ناوەکان دەخوێنیتەوە، ئەگەر قوتابییەک وەڵامی مامۆستای نەدایەوە، بە نەهاتوو ئەو وانەیەی بۆ هەژمار دەکرێت. ئەگەر وەڵامی پرسیارەکانیش نەداتەوە، ئەرکی ماڵ ئامادەنەکات، دیسان هەر بە نەهاتوو ناوی دەنووسرێت. درێژی وانەکان جیایە. هەندێ وانە 50 خولەکە، هەندێکی دیکە نزیکەی 3 کاتژمێرە، هەندێکی دیکە کەمترن. لە نێوان وانەکان، پشووی پێنج یان دە خولەک و بۆ نانی نیوەڕۆش 45 خولەکیان هەیە. تاقیکردنەوەش بە ئۆنڵاین (online) دەکرێت.

پڕۆسەی خوێندن بە ئۆنڵاین (online) دوو ڕۆژی یەکەم بۆ قوتابییان زۆر گرانبوو، دواتر فێری پڕۆسەکە بوون و ئێستا ئاسانترە. خوێندن بە ئۆنڵاین (online)، باشتر و تێرترە، لەوەی قوتابییان بۆ کڵاس بچن، چونکە قوتابی هەیە لە کڵاس قسە دەکات، لە قوتابییان تێکدەدات، بەڵام تەرکیز بەو جۆرە خوێندنە زۆر زیاترە و قوتابی زۆرتر لێیەوە فێردەبی.

بۆ خوێندن لە زانکۆی ستۆکهۆڵم بەشی (کۆمەڵناسی)، بەجۆرێکی دیکەیە. ئەوان فایلی دەنگیان لە پلاتفۆڕمی زانکۆ بۆ دادەنێن، قوتابییان دەبی فایلەکان داونلۆد بکەن و گوێی لێرابگرن و وەڵامی پرسیارەکان لە کاتی دیارکراو بدەنەوە.

خوێندن لە زانکۆکانی کوردستان بە شێوەی ئۆنڵاین (online) لەوانەیە ئاسان نەبێت، چونکە کۆمەڵێک کێشە دێنە پێش لەوانە: پێشتر زەمینەسازیێکی ئەوتۆ لەلایەن قوتابخانە و زانکۆکانەوە بۆ ئەمجۆرە خوێندنە نەکراوە و وەک پێویست بیری لێنەکراوەتەوە، هەموو مامۆستا و قوتابیێک نازانیت چۆن ئامرازەکانی زیرەک بەکاربێنێت، کێشەی ئێنتەرنێت، کارەبا و نەبوونی لاپتۆپێکی باش...هتد، هەیە. چارەسەرکردنی هەندێک لەو کێشانەی سەرەوە، کات و پارەی دەوێت، بەڵام ئەگەر چارەسەر بکرێن، ئەو کۆلێژانەی وانەی عەمەلییان نییە، دەکرێ سوود لە ئەزموونی زانکۆی ستۆکهۆڵم وەربگرن و فایلی دەنگ بۆ هەر وانەیەک لەلایەن مامۆستا تۆمار بکرێت و لە سایتی زانکۆ دابندرێت. لەوانەیە ئەوە چارەسەری، هەرە باش نەبیت، بەڵام بۆ ئەوەی کەمترین زیان بە قوتابی و مامۆستایانی زانکۆ بکەوێت، ژیانیان نەخرێتە مەترسی، باشترین ئۆبشن، ئەوەیە، کە ئەو دوو مانگەی داهاتووی خوێندن، بۆ مانگەکانی سێبتەمبەر و ئۆکتۆبەر بگوازرێتەوە. لەوانەیە بۆ هیچ لایەک خۆش نەبیت و بە گوڵیش پێشوازی لەم چارەسەرە نەکرێ، بەڵام ئەگەر ئێمە لەو ڕێگایەوە بتوانین یەک ژیانیش ڕزگاربکەین، دەبێت بە باشترین چارەسەر و گەورەترین سەرکەوتنی دابنێین.