نەرویج بەرهەمهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە

بەھۆی كۆرۆنا و ناكۆكی وڵاتان نەوت دابەزینی بەرچاوی تۆمار كرد

K24 - ھەولێر

نەرویج کە یەکەم بەرهەمهێنەری نەوت و گازە لە رۆژئاوای ئەوروپا رایگەیاند، لە توێژینەوەدان بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت ئەگەر وڵاتە زلهێزە بەرهەمهێنەرەکان بگەنە رێککەوتن لەبارەی کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوت بۆ بازاڕکانی جیهان.

بڕیارە رێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی لەسەر کەمکردنەوەی نزیکەی لە 10% خستنەڕووی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان بگەنە رێککەوتن، بەڵام بەشێک لە ئەندامان دەڵێن، ئەو بڕە پێویستی بە هەوڵی جیهانی و بەشداری وڵاتانی دیکەش هەیە وەک ئەمەریکا، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەمەریکا راینەگەیاندووە، کە پابەندی ئەو هەوڵە دەبێت یاخود نا.

بەهۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی خواست بۆ نەوت دوای تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا قەدەغەی هاتووچۆ لە وڵاتان، هەروەها ناکۆکی رووسیا و سعوودیە نرخی نەوت دوو لەسەر سێی نرخەکەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە دەستدا.