نزیكەی 200 پەرستار و پزیشک لە رۆژهەڵاتی کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون

کارمەندانی تەندروستی لە دۆخێکی دژواردان

K24 – هه‌ولێر:

تاكو ئێستا لە رۆژھەڵاتی كوردستان نزیكەی 200 پەرستار و پزیشك و كارمەندی تەندروستی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و دوو كەسیش بەو ھۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ، محەمەد یار ئەحمەدی، پەرستار لە نەخۆشخانەكانی شاری سەقزی رۆژھەڵاتی كوردستان بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆچی دوایی كرد، ئەوە لەكاتێكدایە كە باس لەوە دەكرێت كە تەنیا لە شاری سەقز 40 پەرستار ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان.

د. رەحیم یوسف پوور پزیشك لە نەخۆشخانەی گشتی سەقز لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا رایگەیاندووە،  دەیان پەرستار و پزیشك لەو شارە ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان.

بەگوتەی ئەو پزیشكە دۆخەكە لە سەقز لە كۆنترۆڵ دەرچووە و زیاتر لە ھەزار كەس لەو شارە بچووكە كۆرۆنایان ھەیە.

ئەگەرچی دوای بڵاوكردنەوەی ئەو زانیاریانە د. یوسف لەلایەن ھێزە ئەمنییەكانی سەقز بانگكراوە و ھەڕەشەی سزای یاسایی لێكراوە، بەڵام ئەمڕۆ دووشەممە ژمارەیەك چالاكوانی مەدەنی و پزیشكی خۆبەخش رایانگەیاندووە كە زیاتر لە 40 پەرستار و پزیشك لە سەقز تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و پزیشکێکی گەنجیش گیانی لەدەستداوە.

جگە لە سەقز لە سنەش 50 پەرستار و پزیشك ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان و لە شاری بانەش 5 پەرەستار تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون. لەپارێزگای ورمێش زیاتر لە 40 پزیشك و پەرستار ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان و ھەفتەی رابردوو فەرمانبەرێكی تەندروستی بەناوی رەشید شێخ ئاقایی لە بۆكان بەھۆی كۆرۆنا گیانی لەدەستداوە.

بەپێی زانیارییەكانی كوردستان24 لە ئیلام و كرماشانیش زیاتر لە 60 پەرستار و پزیشك تووشی كۆرۆنا بوون.

H.J