بڕیارێكی روحانی كاردانەوەی تووندی لێدەكەوێتەوە

ژمارەیەك پەرلەمانتار دژی بڕیارەكە دەوەستنەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بڕیارەكەی سەرۆك كۆماری ئێران بۆ لابردنی قەدەغەكردنی ھاتووچۆ كاردانەوەی تووندی پەرلەمانتار و بەرپرسانی ئەو وڵاتەی لێكەوتووەتەوە، ژمارەیەك پەرلەمانتار دەڵێن "حەسەن روحانی لە ئاستی مەترسییەكە تێنەگەیشتووەو ئەگەر دەوام دەستپێبكاتەوەو ھاتووچۆ ئاسایی بكرێتەوە كارەساتێكی گەورەتر لەوەی ئێستا روودەدات".

رۆژی دووشەممەی رابردوو حەسەن روحانی رایگەیاند، لە 10ی نیسانەوە ھەنگاو بە ھەنگاو دۆخی ژیان ئاسایی دەكەنەوە، ھەندێك لە پیشەسازییەكان دەست بە كار دەكەنەوەو دەوامی فەرمانبەرانیش بە شێوازێكی نوێ دەستپێدەكاتەوە.

ھەر زوو ئەو بڕیارە كاردانەوەی تووندی لێكەوتەوە، تەنانەت ئیبراھیم رەئیسی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری ئێران دەڵێ "دەوڵەت دەبێ ئەولەویەت بە پاراستنی ژیانی خەڵك بدات، نەك ئابووری".

دوا بەدوای ئەوەش ژمارەیەك پەرلەمانتاری ئێران رایانگەیاند، بەزووترین كات پڕۆژە بڕیارێك ئامادە دەكەن بۆ ئەوەی بە فەرمی یەك مانگ لە ئێران بكرێتە پشوو و جموجووڵی ئاسایی خەڵك و كاری دامودەزگا حكومییەكان بوەستێت.

حەسەن روحانی، لەسەرەتادا لەگەڵ راگەیاندنی قەدەغەی ھاتووچۆ و سنوورداركردنی جموجوڵی خەڵك نەبوو، لەكۆتاییدا لەژێر گوشاری وەزارەتی تەندروستی و ناوەندی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ناچاركرا بۆ ماوەیەك قەدەغەی ھاتووچۆ لەنێوان شارەكان رابگەیەنێت و لە سەنتەری شارەكانیش رێكاری زیاتر بگرێتەبەر، بەڵام ھیچ كات بڕیاری قەدەغەی تەواوی ھاتووچۆی نەداوە، روحانی كابینەیەكی لەرووی ئابووری شەكەتی ھەیە، گەمارۆ ئابوورییەكانی ئەمەریكا و دابەزینی نرخی نەوت گوشارێكی زۆری بۆ ھێناوە، ھەربۆیە ترسی ئەوەی ھەیە بەدرێژەكێشانی قەدەغەی ھاتووچۆ نزیكەی 3 ملیۆن و 500 ھەزار كەس كارەكانیان لەدەست بدەن و ئەو رێژە سنووردارە هه‌نارده‌ كەلوپەل و خواردنیش بۆ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت عێراق بوەستێت و چیتر پارەی كاشیان دەست نەكەوێت.

لەگەڵ ئەوەشدا لە 24 كاتژمێری رابردوودا وەزارەتی تەندروستی، ناوەندی باڵای رووبەڕووبوونەوەی قەیران، بەشێكی زۆر لە پەرلەمانتار و پارێزگارەكانی ئێران ھۆشداریان بە روحانی داوە، ھەر بڕیارێك ببێتە ھۆی دروستكردنەوەی قەرەباڵغی كارەساتی لێدەكەوێتەوە و له‌م دۆخه‌دا پاراستنی ژیانی خەڵك لە پاراستنی قوتیان گرنگترە.