لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی داوای لێبوردن له‌ پزیشكێك ده‌كات

ئه‌و پزیشكه‌ی دوێنێ له‌ خاڵێكی پشكنین كێشه‌ی بۆ درووست بوو

K24 – هه‌ولێر:

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی و سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا داوای لێبوردنی له‌و پزیشكه‌ كرد، كه‌ دوێنێ له‌ خاڵێكی پشكنینی هێزه‌كانی ناوخۆ رووبه‌ڕووی كێشه‌ بوویه‌وه‌.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا، كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ كوردستان24 نێردراوه‌، لیژنه‌ باڵاكه‌ی پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاندووه‌، "دوێنێ‌ لە یەكێك لە خاڵەكانی پشكنین و چاودێریكردنی قەدەغەكردنی هاتووچۆدا، رووداوێكی نەخوازراو لەنێوان بەڕێزان تیمێكی چاودێریی‌ و پزیشكێكی بەڕێزدا روویدا".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكەدا ئەوە روونبوویەوە، كە هەردوو لایەنی ئەم رووداوە دڵسۆزانە لە راپەڕاندنی ئەركەكانیاندا بوون، كە پاراستنی تەندروستیی گشتیی‌و جێبەجێكردنی رێنماییەكانە، هەر هەڵچوون‌و گلەییەكیش لەكاتی رووداوەكەدا روویدابێت لە ئەنجامی پەرۆشیی‌و پابەندیی‌و شەونخونیی‌و ماندوبوونی هەردوو لایەنەكەوە بووە، كە بە بەردەوامیی لە ئەرك‌و خەمی تێپەڕاندنی پەتای كۆرۆنادان".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "بۆیە جارێكی تریش داوای لێبوردنی خۆمان پێشكەش بەم پزیشكە بەڕێزەو تەواوی هاوپیشە بەڕێزەكانی دەكەین، كە بە هەڵوێست‌و تێگەیشتنی شایەنانەیان، بوون بە بەشێكی گەورەی چارەسەرو هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە، كە بەم ئومێدو ئیرادەو گیانەبەرزەوە دەتوانین یەكگرتووانەو سەركەوتووانە ئەم دۆخە تێپەڕێنین".