جیھان چاوی لەسەر د. تێدرۆسە

سەرۆكی رێكخراوی تەندروستی جیھانی وەڵامی پرسیارەكانی تایبەت بە كۆرۆنا دەداتەوە
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/6243c9c5-10c6-42d2-8474-8e21f8ce75c1/1234.ism/manifest

K24 - ھەولێر

د. تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆكی رێكخراوی تەندروستی جیھانی جەنگاوەری ھێڵی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنایە. ئەو دكتۆرە پسپۆڕی لە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییە درمەكان ھەیە، سەرەڕای تێبینی و رەخنە لەسەر شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ ڤایرۆسەكان، بەڵام رۆژانە لەگەڵ تیمەكەی وەڵامی پرسیارەكانی تایبەت بە كۆرۆنا دەداتەوە پێشنیاز و رێنماییەكان بۆ رێگری لەو ڤایرۆسە دەخاتەڕوو.

تێدرۆس ئەدھانۆم گیبرسۆس، سەرۆكی رێكخراوی تەندروستی جیھانی، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چین و دواتر لە نزیكەی 200 وڵاتی جیھان، وەك سەرچاوەی سەرەكی زانیاری ورد و رەتكردنەوەی زانیاری ناڕاست و دەنگۆكان لەبارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەركەوت. تێدرۆس، ئەگەر رۆژانەش نەبێت ئەوا دوو رۆژ جارێك لەبارەی كۆرۆنا قسە دەكات و رێنمایی تەندروستی بە ھاووڵاتییان دەدات.

تێدرۆس ئەدھانۆم گیبرسۆس، خەڵكی وڵاتی ئەسیوپیایە و پسپۆڕی تەندروستی لە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی مەلاریادا ھەیە، لەنێوان ساڵانی 2005 بۆ 2012 پۆستی وەزیری وڵاتەكەی وەرگرتووە و لەو ماوەیەدا خزمەتگوزاری زۆری تەندروستی پێشكەشی وڵاتەكەی كردووە. ھاوكات لە نێوان ساڵانی 2012 بۆ 2016 وەزیری دەرەوەی ئەسیوپیا بووە. ھەروەھا یەكەم ئەفریقییە پۆستی سەرۆكی رێكخراوی تەندرستی جیھانی وەردەگرێت.

دكتۆر تێدرۆس ئەدھانۆم، ماستەری لە زانستی بەرگری لە نەخۆشییە درمەكان لە زانكۆی لەندەن و دكتۆرای لە تەندروستی بەكۆمەڵ لە زانكۆی تۆتێنھام ھەیە.

لە ساڵی 2017 رۆژنامەنووسان و پزیشكان رەخنەیەكی زۆریان لە تێدرۆس ئەدھانۆم، سەرۆكی رێكخراوی تەندروستی جیھان گیرا كە لە ماڵەكردن لەسەر شێوازی بەرەنگاربوونەوەی كۆلێر لە سودان شكستی ھێناوە و سەركەوتوو نەبووە، ھەرەوەھا نەیتوانیوە بەشێوەیەكی درووست پۆلینی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بكات

لۆراسن گۆستن، بەڕێوەبەری پەیمانگای ئۆنێل بۆ یاسای تەندروستی نیشتمانی جیھانی، دەڵێت، بەھۆی مامەڵەی تێدرۆس لەسەر شێوازی رێگری لە بڵاوبوونەوەی كۆلێرە، لە ساڵانی 2009 و 2010 دژی وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری رێكخراوی تەندروستی جیھانی بووە لەلایەن تێدرۆس ئەدھانۆم گیبرسۆس.

ئێستا دوای نزیكەی سێ ساڵ ھەمان رەخنە و تۆمەت ئاراستەی سەرۆكی رێكخراوی تەندروستی جیھانی دەكرێنەوە، لە بەرامبەر مامەڵەكردن و وەڵامدانەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نوێی كۆرۆنا COVED-19 لە چین. بەڵام ئەو پزیشكە ورد و وریایە رۆژانە لەگەڵ تیمەكەی لە رێكخراوی تەندروستی جیھانی سەرقاڵی وەڵامدانەوەی پرسیارەكانی تایبەت بە كۆرۆنایە و ھاوكات لەگەڵ وڵاتانی دیكەی جیھان ھەماھەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڤایرۆسە دەكات.