پزیشکەکانی ئیتاڵیا.. سەربازە ونەکان
ئەو پزیشکانەی تا ئێستا لە پێناو رزگارکردنی تووشبوانی کۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە، ژمارەیان گەیشتووهتە 105 پزیشک و هەر یەک لە و پزیشکانە پسپۆڕ بوون لە بوارە جیا جیاکان و ئەمە جگە کە 26 پەرستاریش. دوا پزیشک کە بووە قوربانی ئەم ڤایرۆسە، لە باشووری ئیتاڵیاوە خۆنەویستانە بەرەو شاری بێرگەمۆ لە هەرێمی لۆمباردیای باکووری وڵات بەڕێکەوتبوو، بەمەبەستی یارمەتیدانی هاوپیشەکانی و هەوڵدان بۆ رزگارکردنی ژیانی چەندین ئیتاڵی لە مردن، کەچی لە کۆتاییدا ژیانی خۆی لە دەست دا.
ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە، تەنیا لە ماوەی ئەم دوو هەفتەی دواییدا، زیاتر لە 4000 کەس لەم شارە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرناوە گیانیان لە دەستداوە.
لە هەمان کاتیشدا، ئەوەی جێگای خۆشحاڵی ئیتاڵییەکانە ئەوەیە لەو چەند رۆژەی دواییدا چ رێژەی توشبوان، چ رێژەی ئەوانەی گیانیان لەدەست داوە، دابەزیوە و رێژەی ئەوانەی چاکدەبنەوە لە زیاد بوون دایە.
سوپاس بۆ ئەو پزیشکانەی وەک سەربازی ون بە بەردەوامی زیاتر لە 12 کاتژمێر بێ وەستان، بۆ چارەسەرکردنی تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کار دەکەن، هەر ئەوەشە بووە هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو ژمارە زۆرەی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی.
جێگای ئاماژەیە بەمەبەستی پاراستنی ژیانی ئەو پزیشک و پەرستارانەی کە لە نەخۆشخانەکانی ئیتاڵیا کار دەکەن، زانکۆی پزیشکی لە شاری پادۆڤا، چەند رۆبۆتێکی دروست کرد بە شێوەیەکی وا کە بتوانن جێگای پزیشکەکان بگرنەوە لە چاودێریکردنی نەخۆشەکان و جێبەجێکردنی خواست و پێداویستییەکانی تووشبوانی کۆرۆنا، کە لە رێگای کۆمپیوتەرەوە زانیاری لەسەر باری تەندروستی نەخۆشەکان بە پزیشکەکان رادەگەیەنن، بێ ئەوەی پزیشکەکان راستەوخۆ لە نەخۆشەکان نزیک ببنەوە.
لە لایەکی ترەوە گەورەترین باڵەخانەی پیشەنگای نێودەوڵەتی لە شاری میلانۆ لە ماوەی 14 رۆژدا کرا بە پێشکەوتوترین نەخۆشخانەی تایبەت بە چارەسەرکردنی تووشبوانی کۆرۆنا، کە بە تازەترین تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو ئامادەکراوە. هەروەها 450 قەرەوێڵە بۆ بەشی چاودێری چڕ (العنایە المرکزة) دابین کرا، هەمووشی لەسەر ئەرکی کەرتی تایبەت و بە شێوەیەکی خۆنەویستان جێبەجی کرا.
بەم بۆنەیەوە سەرۆک کۆماری ئیتاڵیا (سێرجۆ مەتەرێلا) سوپاس و پێزانینی خۆی بە گشت ئەو پزیشک و پهرستارانە گەیاند، کە ژیانی خۆیان خستووهتە مەترسی لە پێناو نەک تەنها پاراستنی ژیانی تووشبوانی کۆرۆنا، بەڵکو لە پێناو رزگارکردنی وڵاتەکەشیان لەو مەترسیەی کە رووبەڕووی بونەتەوە.