جوگرافیا سته‌مێكی گه‌وره‌ی له ئێمه كردووه
K24- هه‌ولێر:
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له هه‌ڤپه‌یڤینێكی تایبەت لەگەڵ كه‌ناڵی "MBC1"، رایگەیاند، جوگرافیا سته‌مێكی گه‌وره‌ی له ئێمه كردووه، دووپاتیشیكرده‌وه: كۆچی دوایی بارزانی نه‌مر به‌لای ئێمه‌وه كاره‌سات بوو، به‌ڵام نه‌بووه هۆی ئه‌وه‌ی دۆزی كورد بمرێت.
له بەشی یەكەمی هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه‌دا، له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا جوگرافیا سته‌م و زۆرداری له كورد كردووه؟ سه‌رۆك بارزانی جه‌ختی كرده‌وه: بێگومان جوگرافیا سته‌مێكی گه‌وره‌ی له ئێمه كردووه.
له به‌شێكی هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه‌دا، سه‌رۆك بارزانی گوتی: "عه‌بدولكه‌ریم قاسم رێگه‌یدا بارزانی نه‌مر بگه‌ڕێته‌وه، شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی مامم له به‌ندیخانه بوو بڕیاڕی له سێداره‌دانی درابوو ئازادكرا و رێگه به‌بنه‌ماڵه‌كه‌مان درا بگه‌ڕێنه‌وه بارزان".
سه‌رۆك بارزانی له درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتیشی: "له هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌بوو له ده‌ستووری كاتیدا ئاماژه به‌وه‌كرا، كه هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ی كورد و عه‌ره‌ب هاوبه‌شن له وڵات، ئه‌وه‌ش ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وربوو".
ته‌له‌فۆنێك هه‌واڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی بارزانی نه‌مر ده‌گه‌یه‌نێت
سه‌رۆك بارزانی: من بچووك بووم، من ته‌له‌فۆنه‌كه‌م هه‌ڵگرت، پێی گوتم تۆ كێیت؟ منیش گوتم فڵانه كه‌سم، پێی گوتم بانگی برا گه‌وره‌كه‌ت بكه، مه‌به‌ستی خوالێخۆشبوو لوقمان بوو، ئه‌و شه‌هید بوو. چووم بۆ لای پێم گوت كه‌سێك ته‌له‌فۆن ده‌كات و ده‌ڵێت من هه‌واڵێكی زۆر گرنگم پێیه، ئه‌ویش هات و ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی هه‌ڵگرت، به بڕوای من دوا نیوه‌ڕۆ بوو، كاتێك پێی گوت "باوكت ده‌گه‌ڕێته‌وه"، خۆتان ئاماده كه‌ن و وه‌رن بۆ فڕۆكه‌خانه. ئێمه‌ش خۆمان ئاماده‌كرد و چووین بۆ فڕۆكه‌خانه. له فڕۆكه‌خانه‌ی موسه‌ننا پێشوازیمان لێ‌كرد، رۆژێكی نه‌مر و گه‌وره بوو، هه‌موو گه‌لی عێراق هاتنه سه‌ر شه‌قام، بۆ ئه‌وه‌ی پێشوازی لێ بكه‌ن، به‌لای ئێمه‌وه رۆژێكی مه‌زن بوو.
"MBC": دوای ئه‌وه‌ی بارزانی نه‌مر چه‌كه‌كه‌ی هه‌ڵده‌گرێت و له دژی سته‌مكاریی عه‌بدولكه‌ریم قاسم، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شاخ؟
سه‌رۆك بارزانی: عه‌بدولكه‌ریم قاسم رێگه‌ی به باوكم دا بگه‌ڕێته‌وه عێراق، ئه‌و كات كه مامی من "شێخ ئه‌حمه‌د" له زیندان بوو و به له‌سێداره‌دان حوكم درابوو، له زیندان ئازاد كرا، رێگه‌یان به خانه‌واده‌كانماندا بگه‌ڕێنه‌وه ناوچه‌كه‌ی خۆمان له بارزان، گرنگترین شت ئه‌وه بوو كه له ده‌ستووری كاتیدا ئه‌وه بوو كورد و عه‌ره‌ب هاوبه‌شن له‌و نیشتمانه‌دا، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و كات شتێكی زۆر گه‌وره بوو. گه‌وره‌ترین هه‌ڵه كه عه‌بدولكه‌ریم قاسم كردی ئه‌وه بوو، كه‌وته ژێر كاریگه‌ری ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی، له كاتێكدا ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی هه‌مووی ژه‌هراوی بوو، خه‌ڵكێك له ده‌وری بوو، له لووتكه‌ی شۆفێنیه‌تدا بوون.
"MBC": ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ری له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب بوون؟
سه‌رۆك بارزانی: نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و غه‌یره عه‌ره‌بیش بوون، ئه‌ویان هانده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه ببڕێت كه پشتگیریان ده‌كرد و به‌رگرییان لێ ده‌كرد، له‌وانه‌ش كورد، به تایبه‌تیش بارزانییه‌كان، به‌ره‌و خاڵێك پاڵیان پێوه‌نا گه‌ڕانه‌وه هه‌نگاوێكی زۆر ئه‌سته‌م بوو، به‌رده‌وام هانیان ده‌دا، وایان لێ‌كرد گومان له باوكم بكات، به‌وه‌ی ده‌بێته سه‌ركرده و شوێنی ئه‌و ده‌گرێته‌وه، به‌ڕاستی هه‌ندێك شتی خه‌یاڵییان خسته مێشكییه‌وه، بۆیه كه‌وته ژێر كاریگه‌ری ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی و له كۆتاییدا ناژیرانه ره‌فتاری كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من ده‌ڵێم: پێویست بوو له‌گه‌ڵ عه‌بدولكه‌ریم قاسم به‌رده‌وام نه‌بێت، ده‌بوایه به هه‌رشێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان لێی دوور بكه‌وێته‌وه، به‌ڵام روویدا.
سه‌رۆك بارزانی به‌شداری شۆڕشی ئه‌یلوول ده‌كات
"MBC": مه‌سعود بارزانی بۆ یه‌كه‌م جار كه له مه‌یدانی جه‌نگ له شۆڕشی ئه‌یلول به‌شداری كرد، له ته‌مه‌نێك بوو كه هێشتا له‌سه‌ر ئه‌وه رانه‌هاتبوو؟
سه‌رۆك بارزانی: كاتێك شۆڕشی ئه‌یلوول هه‌ڵگیرسا، به ته‌واوی له 11ی ئه‌یلوولی ساڵی 1961 بوو، كاتێك هێزی ئاسمانی عێراقی هێرشی چڕی هێنایه سه‌ر ته‌واوی ناوچه‌كانی كوردستان، له 16ی ئه‌یلوول ئێمه له شوێنێكی باكووری گوندی بارزان بووین له چیای شیرین، من خۆم له ناو چادرێك بووم، كاتێك "فڕۆكه‌ی مێك" ئێمه‌ی بۆردومان كرد.
له 20ی گوڵانی ساڵی 1962 په‌یوه‌ندیم به شۆڕشه‌وه كرد، ده‌ستم دایه تفه‌نگ و تا ئێستاش به‌رده‌وامم.
وه‌سفی شۆڕشی ئه‌یلوول
"MBC": بۆچی تۆ ده‌ڵێیت شۆڕشی ئه‌یلوول گه‌وره‌ترین شۆڕشه‌كانی كوردە، ئایا له هه‌موویان گه‌وره‌تره؟
سه‌رۆك بارزانی: چونكه راپه‌ڕین و شۆڕشه‌كانی پێشووتر ناوچه‌یی بوون و له سنوورێكی دیاریكراودا هه‌ڵده‌گیرسان و بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراویش به‌رده‌وام ده‌بوون، ماوه‌كانیان كورت بوون، سنووری ساڵێك یان چه‌ند مانگێكیان تێپه‌ڕ نه‌ده‌كرد، هه‌رچی شۆڕشی ئه‌یلوول بوو به‌رده‌وام بوو، جه‌نگاوه‌ره‌كانی له هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان به‌شدار بوون و په‌یوه‌ندییان به شۆڕشه‌وه كرد، ئافره‌تان خواردنیان پێشكه‌ش به شۆڕش ده‌كرد، زۆر جه‌نگی دژوار روویاندا، ئه‌و شه‌ڕانه له هه‌موو رووداوێك زیاتر له هزرم ماونه‌ته‌وه، بۆ نموونه شه‌ڕی زاوێته له 12ی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 1961، كه شه‌ڕێكی مێژوویی بوو. شه‌ڕی هه‌ندرێن، شه‌ڕی حه‌وزی رواندز، شه‌ڕی چیای مه‌تین، شه‌ڕه‌كانی ساڵی 1963، سه‌ختترین ساڵ بوو له ته‌مه‌نی شۆرشی ئه‌یلوول، له‌و ساڵه‌دا نه‌فیرعام هه‌بوو و هه‌ریه‌ك له ئێران و توركیا و سووریاش تێیدا به‌شداربوون.
"MBC": هه‌موویان به‌شدار بوون؟
سه‌رۆك بارزانی: به‌ڵێ هه‌موویان به‌شداربوون. سوورییه‌كانیش ده‌ستیان به كوده‌تا كرد، دوو لیوای سوپایان نارد، شه‌ڕی ئێمه‌یان كرد و سوپای سووریا رووبه‌ڕووی شكستێكی گه‌وره‌ش بووه‌وه. ئه‌و كات له رێگه‌ی ئه‌فسه‌رێكه‌وه هه‌ماهه‌نگی له نێوان هێزه‌كانی توركیا و عێراقدا هه‌بوو و باره‌گاكه‌ی له مووسڵ بوو، هه‌روه‌ها ئه‌فسه‌رێكی ئێرانیش له كه‌ركووك بوو، هه‌ماهه‌نگی ته‌واو له نێوان عێراق، ئێران، توركیا و سووریادا هه‌بوو. ئێمه گه‌مارۆ درابووین، به‌ڵام سوپاس بۆ خودا، سه‌ركه‌وتین.
كامه وڵاتی عه‌ره‌ب پشتیوانی كرد؟
"MBC": ئه‌و كات هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی عه‌ره‌بییتان پێ گه‌یشت پشتیوانی‌تان لێ بكات، یاخود به گشتی عه‌ره‌ب هه‌مووی له دژی ئێوه بوون؟
سه‌رۆك بارزانی: ده‌توانم بڵێم زۆربه‌یان هاوسۆز بوون له‌گه‌ڵمان، به‌ڵام به ئاشكرا هیچ كه‌سێك پشتگیری ئێمه‌ی نه‌كرد، ته‌نیا ئه‌و كاته نه‌بێت كه ناكۆكی كه‌وته نێوان حزبی به‌عس و جه‌مال عه‌بدولناسر، كاتێك محەمەد حەسەنێن هه‌یكه‌ل له رۆژنامه‌ی ئه‌هرام گوتاری ده‌نووسین و تێیدا پشتیوانی شۆڕشی ئه‌یلوولی ده‌كرد.
"MBC": جگه له رووی میدیاییه‌وه، جه‌مال عه‌بدولناسر هیچ پشتیوانیه‌كی ماددی و چه‌كی پێشكه‌ش به ئێوه كرد؟
سه‌رۆك بارزانی: نه‌خێر هه‌رگیز، ته‌نیا پشتگیری مه‌عنه‌وی ئێمه‌ی ده‌كرد.
"MBC": ئه‌و پشتگیرییه مه‌عنه‌وییه كاریگه‌ری هه‌بوو؟
سه‌رۆك بارزانی: تا راده‌یه‌ك به‌ڵێ، به‌ڵام له ڕووی مه‌یدانییه‌وه هیچ كاریگه‌ریەكی نه‌بوو.
"MBC": ئه‌و كات سعوودییه‌كان چیان به ئێوه ده‌گوت؟ هه‌ڵوێستی ئه‌وان چی بوو؟
سه‌رۆك بارزانی: بیرم نایەتەوە هیچ رۆژێك له رۆژان سعوودیه‌كان دژی ئێمه وه‌ستابنه‌وه، به‌شێك له وڵاتانی عه‌ره‌بی پشتگیری عێراقیان ده‌كرد و چه‌پڵه‌یان بۆ سه‌ركه‌وتنه وه‌همییه‌كانیان لێده‌دا و برووسكه‌ی پیرۆزباییان بۆ سه‌رۆك كۆمار ده‌نارد و پشتیوانی خۆیان پیشان ده‌دا، به‌ڵام هیچ كاتێك نه‌مانبینی سعوودیه، هه‌ڵوێستێكی دژ به كورد نیشان بدات.
"MBC": ده‌ستپێكردنی دانوستانه‌كان چۆن بوو؟
سه‌رۆك بارزانی: دانوستانه‌كان 1969 ده‌ستیانپێكرد، كاتێك بۆ جاری دووه‌م له ساڵی 1968 ده‌سه‌ڵاتیان وه‌رگرته‌وه له مانگی ته‌ممووز بوو، عه‌بدولڕه‌حمان عارف سه‌رۆك كۆمار بوو، له ده‌سه‌ڵات لایاندا.
به‌ر له دانوستانه‌كان، خۆیان بۆ له‌ناوبردنی شۆڕش به رێگه‌ی سه‌ربازی تاقیكرده‌وه، له‌كۆتایی 68 هه‌ڵمه‌تێكی سه‌ربازی فراوانیان بۆ سه‌ر كوردستان ده‌ستپێكرد، به هه‌موو هێز و چه‌كی نوێی سه‌ربازیی، سه‌ره‌تا هه‌ندێك سه‌ركه‌وتوو بوون، به‌ڵام دواتر هێزه‌كانی شۆڕش له چه‌ندین ناوچه‌ی جیاوازه‌وه هێرشی سه‌رتاسه‌رییان ده‌ستپێكرد و سه‌ركه‌وتنێكی بێوێنه‌یان تۆماركرد و په‌ند و وانه‌یه‌كی باشیشیان به هێزه عێراقییه‌كان و چه‌ته‌كانیشیان دا.
بۆیه رژێم گه‌یشته ئه‌و بڕوایه‌ی ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی كورد رێكنه‌كه‌وێت ناتوانێت له ده‌سه‌ڵات بمێنێته‌وه.
بۆ یه‌كه‌مجار به‌ڕێز (عه‌زیز شه‌ریف) هاته لای سه‌ركردایه‌تی شۆڕش، ویست و ئیراده‌ی سه‌رانی رژێمی بۆ دانوستان و رێككه‌وتن نیشاندا.
سه‌ركردایه‌تی شۆڕشیش ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ نیشاندا، دوای ئه‌وه عه‌زیز شه‌ریف گه‌ڕایه‌وه به‌غدا و شاندێكی دیكه‌یان هات.
به‌و شێوه‌یه گفتوگۆكان به‌رده‌وام بوون، دانوستان گه‌یشتنه قۆناغێكی پێشكه‌وتوو و تێبینیمان كرد جددین بۆ ئه‌وه‌ی رێكبكه‌وین. شاندێكمان له به‌غدا بوو، ئه‌و كاته برووسكه‌یه‌كمان له حامیه‌ی رواندزه‌وه پێگه‌یشت، كه شاندێكی به‌غدا ده‌یانه‌وێت سه‌ردانی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش بكه‌ن له ناحیه‌ی گه‌ڵاڵه‌ی باڵه‌كایه‌تی، كه سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی لێ‌بوو.
من چووم بۆ ئه‌وه‌ی پێشوازی له شانده‌كه بكه‌م، بۆ یه‌كه‌مجار بوو سه‌ددام حوسێن ببینم، له‌گه‌ڵ شانده‌كه بوو، كه هه‌ریه‌كه له فوئاد عارف كه‌سایه‌تی سیاسی دیاریی كورد، سه‌عدون غێدان سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی و سه‌ربازی به‌عس بوو، عزه‌ت مسته‌فا عانی وه‌زیری ته‌ندروستی عێراقی له‌گه‌ڵدا بوو. ته‌له‌فۆنم بۆ باوكم كرد، كه شانده‌كه هاتوون، شه‌وێك سه‌ددام له باره‌گای شۆڕش مایه‌وه.
من شتێكی زۆر نامۆم به‌دیكرد، كاتێك دوای 1991 و راپه‌ڕین سه‌ددام حوسێنم بینییه‌وه، زۆر جیاواز بوو له‌و سه‌ددامه‌ی سه‌ردانی باره‌گای شۆڕشی كرد.
جیاوازییه‌كه ئه‌وه‌بوو، سه‌ره‌تا كه‌سێكی ساده بوو، كه‌م قسه‌ی ده‌كرد و رێزی له هاوڕێكانی ده‌وروبه‌ری و ئه‌ندامانی شانده‌كه‌ی خۆی ده‌گرت كه له‌گه‌ڵی هاتبوون، به‌ڵام دوای 91 دۆخه‌كه زۆر جیاواز بوو، ته‌نانه‌ت وه‌زیره‌كانیش كه‌سیان نه‌یانده‌توانی قسه بكه‌ن تا خۆی پرسیاری لێنه‌كردبان، ته‌نانه‌ت هیچ جووڵه‌یه‌كیشیان نه‌ده‌كرد، شتێكی زۆر جیاواز بوو.
"MBC": رۆڵی سه‌ددام و هه‌ڵوێسته‌كانی له باره‌ی گفتوگۆ و دانوستانه‌كان چی بوو؟
سه‌رۆك بارزانی: رۆڵێكی باشی هه‌بوو له رێككه‌وتنه‌كه، هه‌رچه‌نده به بۆچوونی من بڕوای به مافه‌كانی كورد نه‌بوو، به‌ڵام له‌و بڕوایه‌دا بوو ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ كورد رێكنه‌كه‌وێت، ناتوانێت له ده‌سه‌ڵات بمێنێته‌وه و كۆتایی دێت، بۆیه ده‌یویست رێككه‌وتن بكرێت، دوای 4 ساڵیش به ته‌واوه‌تی هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه و رێككه‌وتنه‌كه‌ی پشتگوێ خست، كه ده‌بووایه له كه‌ركووك راپرسی بكرێت و چاره‌سه‌رێكی پێویست بۆ شاره‌كه و دۆخی ناوچه‌كانی دیكه بدۆزرێته‌وه.
"MBC": هه‌وڵی تیرۆركردنی بارزانی نه‌مر چۆن بوو؟
سه‌رۆك بارزانی: دوای خووله‌كێك گه‌یشتمه شوێنه‌كه، به‌عس شاندێكی زانایانی ئایینی كه شیعه و سووننه‌ی تێدابوو نارده باره‌گای شۆڕش، گوایه بۆ نێوه‌ندگیری هاتوون، به‌هۆی هه‌ندێك كێشه كه له نێوانیان سه‌ریان هه‌ڵدابوو. كه‌سێك هه‌بوو ناوی ئیسماعیل خوزاعی بوو، ئامێرێكیان پێدابوو، پێموایه خۆشی نه‌یزانیبوو بۆمبی چێندراوه (به‌بۆچوونی من – سه‌رۆك بارزانی)، زۆربه‌یان نەیانزانیبوو، ئه‌وه هه‌وڵێكی تیرۆركردنه، ته‌نها دوو كه‌س ده‌یانزانی ئه‌وانیش شۆفێره‌كان بوون، ریمۆت كۆنتڕۆڵیان پێ‌بوو، كاتێك باوكم چووه ژووره‌وه، شۆفێره‌كه بۆمبه‌كه‌ی ته‌قانده‌وه، خوا هه‌مووانی پاراست، موعجیزه بوو به راستی.
"MBC": بارزانی نه‌مر بریندار بوو؟
سه‌رۆك بارزانی: به‌ڵێ، به‌ڵام برینه‌كانی زۆر سووك بوون، دواتر تۆمه‌ته‌كه‌یان خسته پاڵ نازم گزال، به‌ڵام داڕێژه‌ر و پلاندانەر و رێكخه‌ری كاره‌كه، خودی سه‌ددام حوسێن بوو.
"MBC": دوای ئه‌وه‌ش هه‌موو گفتوگۆكان راگیران و شكستیان هێنا؟
سه‌رۆك بارزانی: بێگومان به‌ڵێ، دوای ئه‌و كرده‌وه‌یه، متمانه‌ی نێوانمان به‌ته‌واوی داڕما.
"MBC": ئایا سه‌ددام حوسێن پێیگوتوون كه‌ركووك مافی كورده؟
سه‌رۆك بارزانی: به‌ڵێ، سه‌ددام حوسێن خۆی ئه‌وه‌ی پێگوتم، به وردی رێك ئه‌وه‌ی گوت، كه كه‌ركووك شارێكی كوردییه، گوتیشی بناغه‌ی ئابووری دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ته، به‌ڵام له‌سه‌ری نه‌گه‌یشتینه رێككه‌وتن.
"MBC": مه‌سعود بارزانی ناوێكی دیار بوو، له ڤیه‌ننا هه‌وڵی تیرۆركردنیشی درا، ئه‌وه چۆن بوو؟
سه‌رۆك بارزانی: رووداوه‌كه له ڤیه‌ننا بوو (پایته‌ختی نه‌مسا)، رۆژی 8/1/1979 روویدا، من له واشنتنه‌وه هاتبووم، له‌وێ له‌گه‌ڵ باوكم بووم، بۆ ئه‌وه هاتبووم له پاریس ئیمام خومه‌ینی ببینم، چونكه شای ئێران خیانه‌تی لێكردین و له دواوه خه‌نجه‌ری لێوه‌شاندین، بۆیه من وه‌كو خۆم ئاماده‌بووم هاوكاری هه‌ر كه‌سێك بكه‌م، كه له دژی شا كار بكات.
"MBC": ئه‌وه دوای رێككه‌وتنی جه‌زائیری نێوان عێراق و ئێران بوو؟
سه‌رۆك بارزانی: به‌ڵێ، به‌ڵێ، بێگومان دوای ئه‌وه بوو، به‌ر له‌وه‌ی بچمه پاریس، هه‌وڵی تیرۆركردنم درا، به‌ڵام خوا ئێمه‌ی پاراست و رزگار بووم.
"MBC": هه‌وڵی تیرۆركردنه‌كه چۆن بوو؟
سه‌رۆك بارزانی: سه‌ردانی هه‌ڤاڵێكم كرد له شوققه‌كه‌ی، ئامانجه‌كه‌ش ئه‌وه بوو له‌وێ كه‌سێك ببینم، من ده‌مزانی ئه‌و كه‌سه جۆرێك له په‌یوه‌ندی هه‌یه له‌گه‌ڵ رژێم، به‌ڵام وامده‌زانی ئه‌و هێشتا مه‌یلی به‌لای ئێمه دایه، هه‌ر واش ده‌رچوو، من پرسیارێكم هه‌بوو، له‌و بۆچوونه‌دا بووم، كه ئه‌و وه‌ڵامه‌كه‌ی ده‌زانێت، بۆیه ویستم وه‌ڵامه‌كه وه‌ربگرم و چووینه ئه‌و ماڵه له شوقه‌كه، هیچ كه‌سێكیش نه‌یده‌زانی ئێمه له‌وێ یه‌كتر ده‌بینین، ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سه‌ی كه له‌گه‌ڵیشم بوو نه‌یده‌زانی، من له رێگا پێمگوت ده‌چینه فلان شوێن.
چووینه ژووره‌وه، ته‌له‌فۆنی بۆ كرد بێت و یه‌كتر ببینن، دوای نیو كاتژمێر هات و دانیشتین، زۆر سوێندی خوارد كه هیچ نازانێت و ئاگاداری هیچ نییه، دواتر هه‌ستام ویستم بڕۆمه ده‌ره‌وه، رایگرتم و سوێندی خوارد گوتی به گۆڕی شێخ ئه‌حمه‌د به خوای گه‌وره ناچیه ده‌ره‌وه، منیش گوتم له‌به‌رچی نه‌چم هیچ بووه؟ هیچی نه‌گوت، ته‌نها ده‌یگوت نابی بچیته ده‌ره‌وه. كاتێك هه‌ڤاڵه‌كانم كه له‌گه‌ڵم بوون گوتیان ده‌چینه خواره‌وه بزانین چی هه‌یه، هه‌ر كه چوونه خواره‌وه ده‌ستڕێژی گوللـه‌یان لێكرا، ده‌ركه‌وت كه له راستیدا پێشوه‌خته ئاگاداری كرده‌وه‌كه بووه، به‌ڵام ویژدانی جووڵاوه و نه‌یویستووه شته‌كه رووبدات، ئه‌وانه‌ی ته‌قه‌یان كرد زیاتر سه‌رنجیان له‌سه‌ر ئازاد به‌رواری بوو، كه هه‌ندێك به‌من ده‌چوو. له‌گه‌ڵ ئه‌ویش د. پیرۆت بریندار بوو.
"MBC": رۆڵی یاسر عه‌ره‌فات (سه‌رۆكی كۆچكردووی فه‌له‌ستین) چی بوو له هاوكاریكردنت؟
سه‌رۆك بارزانی: من پاسپۆرته‌كه‌م كۆتایی هاتبوو، بڕیاربوو بچمه پاریس، له‌وێ له رێگه‌ی تایبه‌ت پاسپۆرتێكی دیكه وه‌ربگرم، به‌ڵام سه‌ردانی پاریس هه‌ڵوه‌شایه‌وه و چوومه شوێنێكی دیكه، له راستیدا قوبرس بوو، (یاسر عه‌ره‌فات) پاسپۆرتێكی بۆ ناردمه ڤیه‌ننا. له قوبرس شوێنی گونجاوی بۆ رێكخستم، بۆیه من له ڤیه‌نناوه به‌و پاسپۆرته چوومه قوبرس، كه یاسر عه‌ره‌فات بۆی ناردم و له قوبرس شوێنی گونجاو و پاسه‌وانی بۆ پاراستنم دانا.
"MBC": چ هۆكارێك هه‌بوو وا له یاسر عه‌ره‌فات بكات پاسپۆرته‌كه بنێرێت؟
سه‌رۆك بارزانی: په‌یوه‌ندییه‌كی مرۆیی پته‌و له نێوانمان هه‌بوو، دوای ئه‌وه‌ی شا هه‌ڵات به نێوه‌ندگیری عه‌ره‌فات گه‌ڕامه‌وه تاران و ئیمام خومه‌ینیم بینی.
"MBC": رووداوی هه‌وڵی تیرۆركردنه‌كە رێككه‌وتێكی سه‌یربوو چی روویدا؟
سه‌رۆك بارزانی: دوو رۆژ دوای هه‌وڵه‌كه ڤیه‌ننام جێهێشت و چوومه قوبرس، ده‌سه‌ڵاتدارانی نه‌مسا پاسه‌وان و پاراستنی باشیان بۆ داناین راستی، هه‌موو پێداویستییه‌كانی گه‌شته‌كه‌یان بۆ دابینكردین، به ترانزێت له فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌سینا دابه‌زین و له هۆڵی چاوه‌ڕوانی دانیشتبووین، بارزان (بارزان تكریتی زڕ برای سه‌ددام) له‌گه‌ڵ 12 كه‌سی دیكه ده‌ركه‌وت، كه هه‌موویان جانتای دیپلۆماسیان پێ بوو، هاتنه هه‌مان هۆڵ.
"MBC": هه‌ر ئه‌و تیمه بوون، كه له ڤیه‌ننا هه‌وڵی تیرۆركردنی تۆیان دا؟
سه‌رۆك بارزانی: به‌ڵێ هه‌ر خۆیان بوون، له‌گه‌ڵ پاسه‌وان و بكوژان به‌یه‌كه‌وه بوون، هاتنه ناو هۆڵه‌كه و به‌رامبه‌ر ئێمه دانیشتن، هیچ قه‌سه‌یه‌كمان نه‌كرد، ئه‌وان پێش ئێمه به فڕۆكه‌ی عێراقی گه‌ڕانه‌وه، ئێمه‌ش دواتر به فڕۆكه‌یه‌كی دیكه چووینه قوبرس.
"MBC": به‌ڵام ئه‌و تۆی بینی؟
سه‌رۆك بارزانی: به‌ڵێ منی بینی، دوای گفتوگۆكان له دوای 1991 له به‌غدا به رێككه‌وت بینیم و لێم پرسی، به بیرته له فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌سینا منت بینی، منت ناسیه‌وه؟ گوتی به‌ڵێ، به‌ڵام تۆ نه‌تویست قسه بكه‌ین، منیش پێمگوت تۆ هاتبوویت له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌تانه‌ی له‌گه‌ڵت بوون بمكوژن، چۆن ده‌كرێت قسه‌ت له‌گه‌ڵ بكه‌م، ئه‌ویش گوتی راسته، ئه‌و رۆژانه تێپه‌ڕین و ان شاءالله ناگه‌ڕێنه‌وه.
"MBC": كۆچی دوایی بارزانی نه‌مر بووه هۆی كۆتاییهاتنی پرسی كورد؟
سه‌رۆك بارزانی: ئاسۆ زۆر ناڕوون بوو، سێ ساڵ به یه‌كه‌وه له یه‌ك ماڵ بووین، پزیشكه‌كان گوتیان شێرپه‌نجه‌ی سییه‌كانی هه‌یه، به‌ڕاستی كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر من و ئه‌وانی دیكه‌ش، به تایبه‌تیش ئیدریسی برام هه‌بوو. له چاره‌سه‌ر به‌رده‌وام بووین، ئه‌و ئامۆژگاری ده‌كردین و ده‌یگوت مردن حه‌قه، هه‌موو كه‌سێك ده‌بێت بمرێت هه‌ر كه‌سێك بێت، له‌و بڕوایه‌دا مه‌بن من تاهه‌تایە بۆتان بمێنم، رۆژێك جێتان ده‌هێڵم. له‌وانه‌یه به‌ر له‌و كاته یه‌كێك له ئێوه من جێبهێڵن به‌ر له‌وه‌ی من بمرم. ئه‌وه‌ش سرووشتی ژیانه و ده‌بێت باوه‌ڕمان به ویستی خوا و قه‌زا و قه‌ده‌ر هه‌بێت، ده‌بێت تۆ و ئیدریس گیانێك بن له دوو جه‌سته‌دا، ئه‌وه گرنگترین شته، له خه‌بات به‌رده‌وام بن، خزمه‌ت به گه‌ل بكه‌ن، پارێزگاری له په‌یوه‌ندییه‌كان بكه‌ن له‌گه‌ڵ گشت لایه‌ك، به هیچ شێوه‌یه‌ك ملكه‌چی سته‌ماكاران نه‌بن، ژیان ئه‌وه ناهێنێت كه‌سێك ملكه‌چی سته‌مكارێك بێت بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی بپارێزێت، نه‌رمونیان بن و خۆتان وه‌ك خزمه‌تكاری گه‌له‌كه‌تان دانێن، به گشتی ئه‌و ئامۆژگارییانه‌ی ده‌كردین.
"MBC": پێش داگیركردنی كوێت به ساڵێك تۆ هۆشداریت له‌وه دا و گوتت چاره‌نووسی كوێت داگیركردنه له‌لایه‌ن سه‌ددام حوسێن؟
سه‌رۆك بارزانی: باڵیۆزی عێراق له پراگی پایته‌ختی چیك له پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، په‌یوه‌ندیمان مابوو، گوتی شاندێكی عێراقی هاتووه‌ته پراگ، چیكییه‌كان له كوێت پاڵاوگه‌ی نه‌وت و شتی له‌و بابه‌ته‌یان بنیاتناوه، كه نزیك سنووری عێراقه، بۆیه عێراقیش ده‌یه‌وێت هه‌مان شت درووست بكات. باڵیۆزه‌كه گوتی: سه‌رۆكی شاندی عێراق پێیگوتووه، به هه‌مان تایبه‌تمه‌ندی كوێت بۆمان درووست بكه‌ن، چونكه له داهاتوودا سوودی لێوه‌رده‌گرین.
دوای پرۆسه‌ی به دناوی ئه‌نفال، چوومه له‌نده‌ن، كۆڕبه‌ندێك هه‌بوو، گوتم ئێمه باجی خۆماندا، ئێوه هه‌مووتان پشتیوانی سه‌ددامتان كرد و هاوكاری بوون، ئێستا چاوتان له‌سه‌ر كوێت بێت.
"MBC": پێش داگیركردنی كوێت وات گوت؟
سه‌رۆك بارزانی: به‌ڵێ ساڵی 1989 بوو، ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی كورد و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی لۆردانی به‌ریتانی ئاماده‌بوون، یه‌كێكیان ناوی جولیان ئامری بوو، نازانم ئێستا ماوه یان نا (له ژیاندا نه‌ماوه)، ئێڤ بری و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش بوون.
"MBC": چۆن پێشبینی ئه‌وه‌ت كردبوو سه‌ددام حوسێن كارێكی له‌و شێوه‌یه ده‌كات؟
سه‌رۆك بارزانی: من دڵنیابووم سه‌ددام به‌و شێوه‌یه دانانیشێت، توركیا وڵاتێكی به‌هێزه، ئێران له ده‌ره‌وه‌ی شه‌ڕه‌كان بوو، سووریا سوپای هه‌یه، بازنه لاوازه‌كه كوێته، دوای ئه‌وه‌ش خه‌یاڵی كرد شۆڕشی كوردی له ناوبردووه و ئێستا ده‌یه‌وێت كوێت داگیر بكات. بۆیه من ئاگادارم كردنه‌وه و هۆشداریم پێدان، من به بیرمه 1992 له له‌نده‌ن بۆنه‌یه‌ك هه‌بوو، باڵیۆزی كوێت له‌وێ بوو، من هه‌مان قسه‌م بۆ هه‌ندێك له باڵیۆزه‌كان كرد و باڵیۆزی كوێتیش گوتی: ئه‌ی بۆ به ئێمه‌ت نه‌ده‌گوت، منیش گوتم: من وه‌ك زانیاری زانیاریم له باره‌ی ئه‌و كاره نه‌بوو، به‌ڵكو ته‌نها خه‌مڵاندنێك بوو.
ئه‌وه سرووشتی سه‌ددام بوو، شه‌ڕانگێزی پێوه دیار بوو.
"MBC": كێشه‌ی دیله كوێتییه‌كان وا باس ده‌كرێت كه هه‌ندێكیان له كوردستان به‌خاك سپێردراون؟
سه‌رۆك بارزانی: نه‌خێر ئه‌وه راست نییه، زانیاری پشتڕاستی ئێمه ئه‌وه‌یه، كه ژماره‌یان 400 بۆ 600 كه‌س ده‌بوو، هێنابوویاننه به‌ندیخانه‌ی بادۆش، ده‌كه‌وێته باكووری رۆژئاوای مووسڵ، دوای ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی ئازادكردنه‌وه‌ی كوێت، زانیاریمان بۆهات له سه‌رچاوه‌كانی خۆمانه‌وه، كه ئه‌وانیان بردوونەتە بێجی، له‌وێوه بۆ باشووری عێراق و دواتریش زانیاریمان له باره‌یانه‌وه نییە، به‌ڵام له‌و بڕوایه‌دام هه‌موویان كوژرابن.