"ھەژاری وایكردووە خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستان سڵ لە كۆرۆنا نەكەنەوە"
K24 - ھەولێر
نوێنەری خەڵكی پیرانشارو سەردەشت رایگهیاند، ھەژاری وایكردووە كە خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستان كەمتر سڵ لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بكەنەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە رەسوڵ خزری، نوێنەری خەڵكی پیرانشار و سەردەشت بە ماڵپەری شەبستانی ئێرانی راگەیاندووە "بەشی ھەرە زۆری پێداویستییەكانی خەڵك لەلایەن سەرمایەدار و خێرخوازانەوە دابین كراوە".
دەشڵێ "بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا قەیرانێكی گەورەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش خەڵكی شارەكانی كوردستان بەشی زۆریان ھەژارن و بە ناچاری رۆژانە كار دەكەن، ھەربۆیە كەمتر بیر لە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكەنەوە".
ئەو پەرلەمانتارە كوردە داوا لە حكومەتی ئێران دەكات، لەگەڵ پاراستنی تەندروستی ھاووڵاتییان گوزەرانیشیان دابین بكات.