حزبی دیموكراتی كوردستان ئیدانه‌ی "راده‌ستكردنی" مسته‌فا سه‌لیمی ده‌كات

خۆی گەیاندووه‌تە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان

K24 – هه‌ولێر:

له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا، كه‌ ده‌فته‌ری سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستان ده‌ریكردووه‌ و وێنه‌یه‌كی بۆ كوردستان24 نێردراوه‌، ئه‌و حزبه‌ "راده‌ستكردنی" مسته‌فا سه‌لیمی به‌ هێزه‌كانی ئێرانی "ئیدانه‌" كرد.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌: "وەک هەموو ئاگادارن مستەفا سەلیمی، کە پێشتر بە تۆمەتی چالاکی دژی کۆماری ئیسلامی و ئەندامەتیی حزبێکی کوردیی دژبەری رێژیم سزای ئێعدامی بەسەردا سەپابوو، بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 23ی خاکەلێوە و دوای 17 ساڵ مانەوە و بەندکران لە زیندان ئیعدام کرا".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "مستەفا سەلیمی رۆژی 8ی خاکەلێوە دوای بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا و پاش ئەوەی داوای چوونە مەرەخەسییان لە لایەن بەرپرسانی زیندانی سەقزەوە، بێ‌وەڵام مابوه‌وە، وێڕای دەیان بەندکراوی دیکە لە دەرفەتێکدا لە زیندان رایان کردبوو و دوای ئەم رووداوە بەشێک لەم بەندکراوانە لە رێگەی جۆراوجۆرەوە گیرانەوە، یان رادەستی ناوەندە ئەمنیەتیەکانی رێژیم کرانەوە کە مستەفا سەلیمی یەک لەوان بووە و دوای ئەوەی خۆی گەیاندووه‌تە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، وەک دەگوترێ و باس دەکرێ رادەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراوەتەوە".

حزبی دیموكراتی كوردستان، وێڕای پشتڕاستكردنی گه‌یشتنی سه‌لیمی بۆ سنووری هه‌رێمی كوردستان، رایشیگه‌یاندووه‌، "حزبی دیموکراتی کوردستان رادەستکردن و ئیعدامکردنی ئەم زیندانییە سیاسییە مەحکووم دەکا و بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی لێژنەی بەدواداچوون و دەرخستنی راستییەکانی ئەم رووداوە بە بڕیارێکی قانوونی و بەرپرسانەی دەزانێ".

ئه‌و حزبه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هیوای خواستووه‌، لیژنه‌كه‌ به‌ زووترین گات به‌ ئه‌نجامێك بگات و راستییه‌كان بخاته‌ڕوو و له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌: "حزبی دیموکراتی کوردستان هیوادارە بەدواداچوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کاری ئەم لیژنە تایبەتییە بەزووترین کات بە ئاکام بگا و دەرەنجامەکەی رابگەیەندرێ و هەمووان لە راستییەکانی ئەم رووداوە ئاگادار بکرێنەوە".

له‌ كۆتاییشدا ده‌فته‌ری سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستان جه‌خیتكردووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر به‌ ئاكام گه‌یشتنی كاری لیژنه‌كه‌ و نووسیویه‌تی: "هاوکات جارێکی دیکەش ویڕای دەستخۆشی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێکهێنانی لێژنەی دەرخستنی ڕاستییەکان، چاوەڕوانین پرسیار و نیگەرانییەکانی بەجێی خەڵک لە هەموو بەشەکانی کوردستان لەپێوەندی لەگەڵ ئەم رووداوەدا بێ‌وەڵام نەهێڵێتەوە".