وه‌زیری ناوخۆی توركیا ده‌ستی له كار كێشایه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری ناوخۆی توركیا، سوله‌یمان سۆیلۆ ده‌ستی له كار كێشایه‌وه.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، كه له رێی هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاویكرده‌وه، سوله‌یمان سۆیلۆ نووسیویه‌تی: ته‌واوی به‌رپرسیارێتی له جێبه‌جێكردنی بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ده‌گرمه ئه‌ستۆ، كه بۆ مه‌به‌ستی رێگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ده‌ركرا.
هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: ئه‌و وێنانه‌ی ریزی درێژی خه‌ڵكی له شه‌قامی شاره‌كانی توركیا پیشان ده‌دا به‌ر له ده‌ستپێكردنی واده‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌گه‌ڵ رێكاره‌كان یه‌كی نه‌ده‌گرته‌وه، كه پێویست بوو له ژێر كۆنترۆڵ بن. هه‌ر بۆیه ده‌ستم له كار كێشایه‌وه.
سۆیلۆ داوای له سه‌رۆك كۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و گه‌لی توركیا كردووه، لێی ببورن به هۆی خراپ جێبه‌جێكردنی بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه.
وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا، شه‌وی هه‌ینی بڕیاری دابوو بۆ ماوه‌ی 48 كاتژمێر له 31 ویلایه‌تی توركیا قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ رابگه‌یه‌ندرێت، ئه‌وه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی هاووڵاتیان به لێشاو بێنه سه‌ر شه‌قامه‌كان بۆ كڕینی كاڵا و پێداویستی رۆژانه‌یان.