ته‌ندروستی جیهان: تا دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسینێك مرۆڤایه‌تی به‌ده‌ست كۆرۆناوه ده‌ناڵێنێت
K24- هه‌ولێر:
ده‌یڤید نابارۆ، وته‌بێژی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی دووپاتی كرده‌وه، ڤاكسین "پێكوته" تاكه چاره‌سه‌ره بۆ رزگاربوون له كۆرۆنا و گوتی: تا ئه‌و كاته‌ی ڤاكسینێك نه‌دۆزرێته‌وه، جیهانی مرۆڤایه‌تی به‌ده‌ست ئه‌و په‌تایه‌وه ده‌ناڵێنێت.
به‌گوێره‌ی كه‌ناڵی "ئێن بی سی نیوز"، ده‌یڤید نابارۆ رایگه‌یاند، ئێستا له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌كانی هێواشبوونه‌وه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه مه‌ترسیداره ده‌ركه‌وتوون.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گوتی: ئه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دایه، بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكه له وڵاتانی دیكه به‌رده‌وام ده‌بێت، پێویسته مرۆڤایه‌تی ژێرخانێكی باش بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشییه به شێوه‌یه‌كی پله‌دار له سه‌رانسه‌ری جیهان دروست بكات، به‌ر له‌وه‌ی رێكاره‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌تاكه سست بكرێنه‌وه.
هه‌روه‌ها گوتی: شاره‌زایان له‌و باوه‌ڕه‌دان، ڤایرۆسی كۆرۆناش وه‌ك ڤایرۆسه‌كانی ئه‌نفلۆوه‌نزا ده‌رده‌كه‌وێت و به شێوه‌ی وه‌رزی دووباره ده‌بێته‌وه، بۆیه تا دۆزینه‌وه‌ی پێكوته‌یه‌ك، ئه‌و ڤایرۆسه له بڵاوبوونه‌وه به‌رده‌وام ده‌بێت.
هاوكات سه‌نته‌ری دیراساتی ڤایرۆسی كۆرۆنا له زانكۆی "جۆنز هۆبكه‌نز"ی ئه‌مه‌ریكی رایگه‌یاند، تا شه‌وی رابردوو زیاتر له ملیۆنێك و 800 هه‌زار حاڵه‌تی تووشبوون به كۆرۆنا له سه‌رانسه‌ری جیهان پشتڕاست كراونه‌ته‌وه، له‌و ژماره‌یه‌ش 555 هه‌زار حاڵه‌ت ته‌نیا له ئه‌مه‌ریكان.
به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانیش، تا ئێستا زیاتر له 114 هه‌زار كه‌س له سه‌رتاپای جیهان به‌هۆی په‌تاكه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه، له‌و ژماره‌یه‌ش نزیكه‌ی 22 هه‌زار كه‌س ته‌نیا له ئه‌مه‌ریكا تۆماركراون.
H.B