پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی (32)مین ساڵیادی شاڵاوەکانی جینۆسایدی ئەنفال

پێویسته‌ ده‌وڵه‌تی عێراق دڵنیایی دووبارە نەبوونەوەشیان لە داهاتوودا بدات

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ بۆنه‌ی (32)هه‌مین ساڵیادی تاوانی ئه‌نفال و جینۆسایدی خه‌ڵكی كوردستان،‌ په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌. له‌ په‌یامه‌كه‌یدا رایگه‌یاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پەرۆشی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی شاڵاوەکانی جینۆسایدی ئەنفالە".

له‌ په‌یامه‌كه‌یدا سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راشیگه‌یاندووه‌، "پێویستە دەوڵەتی عێراقی بەرپرسیارێتی دەستووری و ئاکاریی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی ئەو تاوانە مەزنانە لە ئەستۆ بگرێت و دڵنیایی دووبارە نەبوونەوەشیان لە داهاتوودا بدات".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ "دەبێ بە هەموو شێوەیەک هەوڵی بنبڕکردنی ئەو هزرە شۆڤێنی و رەگەزپەرستییە بدرێت، کە لە پشت ئەنجامدانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفالن".

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی (32)مین ساڵیادی شاڵاوەکانی جینۆسایدی ئەنفال

ئەمڕۆ 32 ساڵ بە سەر گەورەترین شاڵاوی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان تێدەپەڕێت کە بەشێک بوو لە زنجیرەیەک شاڵاوی جینۆسایدکردن کە ئامانج لێی قەڵاچۆکردنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و گەلی کوردستان بوو.

یادکردنەوەی ئەو تاوانە مەزنانەی کە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان و بەبەرچاوی جیهان ئەنجامدران و هەزاران کەسی بێتاوانی تێدا بوونە قوربانی، نابێت تەنیا یادکردنەوەیەکی ئاسایی ئازارەکانمان بێت. بەڵکو دەبێ بە هەموو شێوەیەک هەوڵی بنبڕکردنی ئەو هزرە شۆڤێنی و رەگەزپەرستییە بدرێت کە لە پشت ئەنجامدانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفالن، کە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە و زامێکی قووڵ و لەیادنەکراويشە لە جەستە و یادەوەری گەلی کوردستاندا .

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا درێژە بە هەوڵەکانی دەدات بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی کەیسی ئەنفالەکان و بە جینۆسایدناساندنی، بەردەوام پەرۆشی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی شاڵاوەکانی جینۆسایدی ئەنفالە کە پێویستە دەوڵەتی عێراقیش بەرپرسیارێتی دەستووری و ئاکاریی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی ئەو تاوانە مەزنانە لە ئەستۆ بگرێت و دڵنیایی دووبارە نەبوونەوەشیان لە داهاتوودا بدات.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2020/4/14