پێشمەرگەی رۆژ: ئەو كەسەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی لیبیا گیراوە ھیچ پەیوەندییەكی بە ئێمەوە نییە

فەرماندەی لەشكری رۆژ ھەواڵەكە رەتدەكاتەوە

K24 - ھەولێر

فەرماندەی گشتی ھێزی پێشمەرگەی لەشكری رۆژ رەتیدەكاتەوە ئەو كەسەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی لیبیا دەستگیركراوە پەیوەندی بە ئەوانەوە ھەبێت و رایدەگەیەنێت، ھەندێك ماڵپەڕی سەر بە پەكەكە ئەو ھەواڵەیان بۆ لێدان لە پێشمەرگەی رۆژ دروستكردووە.

لە روونكردنەوەكەی فەرماندەی پێشمەرگەی رۆژ ھاتووە: "زۆر لە ماڵپەڕ و كەس لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باسیان لەوە كردووە كە (شاکر فرمان بونجق) ئەو كەسەی كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی لیبیا دەستگیركراوە شەڕی بۆ ھێزە بە كرێگیراوەكانی توركیا كردووە، سەر بە لەشكری رۆژە، ئەو ھەواڵە دوورە لە راستییەوە و ماڵپەڕەكانی سەر بە پەكەكە ئەو ھەواڵەیان وا بڵاو كردووەتەوە كە ئەو كەسە پێشمەرگەی سەر بە لەشكری رۆژە، ئەوەیان بە دەرفەت زانیوە بۆ شكاندنی ناو و شكۆی پێشمەرگەی رۆژ. ئەو كەسە ھیچ كات پێشمەرگەی لەشكری رۆژ نەبووە و دوور و نزیك ھیچ پەیوەندییەكی بە ھێزەكانی ئێمەوە نەبووە".

لە روونكردنەوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە: "ئەو كەسە لە ساڵی 2012 لەكاتی شەڕی سووریا، وەك ھه‌زاران په‌نابه‌رى دیكەی سووریا، له‌ هه‌موو پێكھاتە نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیەكانەوە به‌ (كورد و عه‌ره‌ب و موسڵمان و مه‌سیحى)، لەگەڵ خێزانەكەی وەك پەنابەر رووی كردووەتە ھەرێمی كوردستان، دواتر چووەتە توركیا و لەوێ نیشتەجێ بووە و نەگەڕاوەتەوە".

فەرماندەیی لەشكری رۆژ جەختدەكاتەوە: "ھێزەكەمان وەك ھێزێكی كوردستانی دامەزراوە بۆ بەرگریكردن لە گەل و خاكی كوردستانی پیرۆز، بەرامبەر ھەر دوژمن و تیرۆرستێك و ھەر جۆرە تیرۆرێك. به‌ر له‌ هه‌مووشیان رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كاره‌ تیرۆستییه‌كانى رێكخراوى تیرۆرستى داعش. لە ھەمانكاتدا رێز لە رێبازی ھەموو گەلە چارەنووسسازەكان دەگرێت. رێزی تایبەت لە گەلی لیبیا دەگرین و ھەوڵی كەسانی نەفەسنزم شەرمەزار دەكەین، كە دەیانەوێت ناوی ئێمە بە ھەندێك لایەنەوە گرێ بدەن".

پێشتر ئەحمەد مسماری، وتەبێژی ئەنجوومەنی سەربازی نیشتمانی لیبیا رایگەیاندبوو چەكدارێكی كوردیان بە ناوی شاكر فەرمان ساڵح بونجەقە لە جەزیرەی قەحتانیە دەستگیر كردووە و لە ریزی چەكدارەكانی سەر بە توركیا بووە.