چیرۆكی قیزه‌وه‌نترین تاوان له‌ مێژووی تۆپی پێ

له‌ ناوه‌راستی شار گولـله‌بارانیان كرد و دواتر په‌یكه‌رشیان بۆ دروست كرد

كوشتنی ئەندرێس ئێسكوبار بەرگریكاری هەڵبژاردەی تۆپی پێی كۆلۆمبیا یەكێكە لە تاوانە قێزەونەكان لە جیهانی تۆپی پێ، هەڵبژاردەی كۆلۆمبیا بەهۆی هەڵەیەكی ئێسكۆبار بەئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر تاكە گۆڵێك بە هەڵبژاردەی ئەمریكا دۆڕا و ماڵئاوایی لە مۆندیالی 1994 كرد، ئەمەیش توڕەیی و دڵتەنگی هاندەرانی كۆلۆمبیای لێكەوتەوە بەتایبەتی چەتە و ئەو كەسانەی بازرگانیان بە ماددەی هۆشبەر دەكرد.

چەتەكان بازرگانییان بە تۆپی پێ دەكرد

چەتە و بازرگانەكانی ماددە هۆشبەرەكان لە ساڵانی هەشتاكان دەستیان بەسەر تۆپی پێی كۆلۆمبیا گرت و بازرگانییان پێوە دەكرد، ئەویش بەهۆی پارە و دەسەلاتی (پـابـلۆ) كە یەكێك بوو لە ناودارترین ئەو كەسانەی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەكان دەكرد، یانەی ئەتڵەتیكۆ ناسیونال بەهۆی هێز و پارە و دەسەلاتی پـابـلـۆ بووە پاڵەوانی ئەمریكای باشوور، ئەو بەردەوام گرەوی لەسەر یارییەكانی تۆپی پێ دەكرد.

ئەگەر پابلۆ نەكوژرابا كەس نەیدەتوانی دەست بۆ ئێسكوبار ببات

پابلۆ لە ساڵی 1993 بە تەقەی پۆلیس كوژرا، ئه‌گه‌رچی چه‌ته‌ و بازرگانێكی گه‌وره‌ی مادده‌هۆشبه‌ره‌كان بوو، به‌ڵام عاشقی تۆپی پێ بووم، یاریزانه‌كانی زۆر خۆشده‌ویست، بۆیه‌ دوای كوژرانی خۆپیشاندان و نارەزایی لەشاری میدلینی كۆلۆمبیا لێكەوتەوە، چەتە و ڕێگرەكان دەجەنگان بۆ دەستبەسەرداگرتنی شارەكە و كۆنترۆڵ كردنی بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان و ئەنجامدانی كاری نایاسایی. كۆلۆمبییەكان دەڵێن ئەگەر پـابلۆ لە ژیان بمایە كەس نەیدەتوانی دەست بۆ ئێسكۆباری یاریزان ببات و بیكووژێت، چونكە ئەو عاشقی تۆپی پێ بوو و هاوڕێیەكی نزیكی ئەو بووە، هەروەها لە یاریزانەكانی هەلبژاردەی كۆلۆمبیا نزیك بوو.

ئێسكۆبار پێشتر ئاگادار كرابووەوە

دوای كۆتایی هاتنی مۆندیالی 1994 و گەڕانەوەی شاندی هەلبژاردەی تۆپی پێ كۆلۆمبیا، هاندەرێكی دڵسۆز ئێسكۆبار و یاریزانانی هەلبژاردەی وڵاتەكەی ئاگادار كردەوە كە ژیانیان لەمەترسی دایە و لە ماڵ دەرنەچن و لەشەقامەكان نەسوڕێنەوە، بەڵام شەوێك لەكاتی هاتنە دەرەوەی لە شاری میدلین ئیسكۆبار لەگەڵ كەسێك بووە دەمەقاڵێ و درایە بەر دەسترێژی گولـله‌، پاشان پەیكەرێكی لە ناوەڕاستی شاری میدلین بۆ دروست كرا.

پەنجەی تاوان بۆ هیناو كارتیل درێژ كرا

پەنجەی تاوان بۆ (پیدرۆ هیناو كارتیل) درێژ كرا، كە یەكێك بوو لە چەتە و ڕێگرە بەناوبانگەكانی كۆلۆمبیا كە پارەیەكی زۆری لە گرەو تۆپی پێ زەرەر كرد دوای ئەوەی كۆلۆمبیا لە مۆندیالی 1994 ماڵئاوایی كرد، ناوبراو لەگەڵ شوفێر و دوو براكەی دەستگیر كرا، دوای دادگایی كردن دانان به‌ تاوانه‌كه‌ی فەرمانی 43 ساڵ بەند كردنی بۆ دەرچوو، بەڵام دوای 11 ساڵ مانەوە لە بەندیخانە ئازاد كرا.

پیدرۆ لەرێگەی وەرزشەوە دەیوست دەوڵەمەند بێ

ڕۆژنامەكانی كۆلۆمبیا ئەوكات وایان لێكدایەوە ئۆسكۆبار بووە قوربانی ململانێی نێوان دوو گروپی چەتە كە هەریەكەیان هەوڵی دەدا بازرگانی كردن بە ماددە هۆشبەرەكان لە شاری میدلین بۆ خۆی كۆنترۆڵ بكات، پیدرۆ هیناو لەرێگەی وەرزشەوە دەیوست دەوڵەمەند بێ، ئەو كاتەی لە كۆلۆمبیا لە بەندیخانە بوو، یەكێك لە دادوەرەكانی نیویۆرك داوای كرد لە ئەمریكا دادگایی بكرێت بەهۆی ئەنجامدانی چەندین تاوانی تر كە پەیوەندی بەكوشتنی ئۆسكوبار نەبووە.

مەسعوود حەسەن