دەزگای بارزانی ئومێدێک لە کوردستان.. شانازییێک بۆ جیهان

Kurd24

لە سەرەتای ساڵەکانی 2000 لە بەریتانیا لە بۆنەیەك بانگهێشت کرام، ئەم بۆنەیە بۆ پاداشت کردنی ئەم قوتابیانە رێکخرابوو، کە لە تەمەنی منداڵی ئەستەم و گرفت لە ژیانیاندا زۆر بووه‌، بەڵام توانیویانە بەربەستەکان بشکێنن و ئەنجامێکی باش و بەرچاو لە خوێندن بەدەست بهێنن. دیارە هۆکاری بانگهێشکردنی بەندە لە دەرئەنجامی هاوکاری و پاڵپشتیم بوو بۆ خوێندکارێکی کورد، کە هەم خاوەن پێداویستی تایبەت بوو، هەمیش نەخوێندەوار بوو. لە کاتی گەیشتنی بە بەریتانیا لاوێکی بێکەس و لاواز بوو، بەڵام ئەم کوردە لاوە ئەوەندە ئازا و لێهاتوو بوو، توانی بە ماوەیەکی زۆر کەم قۆناغی زۆر گەورە ببڕێت، ببێت بە نموونەی قوتابخانەکەی، لە بەرامبەریشدا، بەشی پەروەردەی شارەکە ئەو کوردە لاوەی هەڵبژارد کە لە بۆنەیەکی فەرمیدا خەڵاتی باشترین قوتابی لەسەر ئاستی ئەم شارە پێببەخشرێت. 

لە بۆنەکەدا ئافرەتێکی ئیرلاندی بە ناوی مۆنیکا و مارك، کۆمیسیاری پۆلیسی ناوچەکە و شیله‌، بەرپرسی دۆسییەی پەنابەران لە شارەوانی ئەم ناوچەیە هاوخوانی بەندە بوون. جگە لە شیله‌ ئەو دوو بەڕێزەی دیكه‌ بە ئەندازەیەکی کەم کوردیان دەناسی، ئەوکات کورد لە ئەوروپا وەك ئێستا ناسراو نە بوو، بەڵام شیلە کوردی زۆر خۆشدەویست، هاوڕێیەتی لەگەڵ بەندە و چەندین کوردی تر هەبوو، هاوڕێیەکی باش و بە وەفا بوو، شیلە لەم دانیشتنەدا هەر کاتێك فرسەتی هەبوایە باسی کوردی بۆ ئەوانی تری دەکرد، بە شێوەیەك باسی کوردستانی دەکرد، کە هیچ کوردێك ناتوانێت بەو شێوەیە باسی بکات، کۆمیسیاری پۆلیس رووی لەمن کرد گوتی: دەزانم سەدام زوڵمی زۆرتان لێدەکات، پرسیاری کرد و گوتی: پێدەچێت هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ئێوە پەناتان بۆ بەریتانیا هێنابێت؟ ویستی زیاتر بدوێ، بەڵام شیلە قسەکانی پێ بڕی گوتی: نا پێویستە بڵێین ئێمە و سەدام و دونیا زوڵمیان لێدەکه‌ین.

دیاربوو جەنابی کۆمیسیار دەربارەی مێژوویی ماڵوێرانی کورد شارەزای زۆری نەبوو، هەر بۆیە داوای لە شیلە کرد، بۆ ئێمە "مەبەستی بەریتانیا بوو" زوڵممان لە کورد کردووە؟ شیلە پێی گوت: باشتر وایە دانیشتنێکی دیكه‌ رێکبخەین بۆ گفتوگۆ لەسەر کورد، چونکە کارەساتەکان ئەوەندە زۆرن بەم کاتە کەمە ناتوانین باسیان بکەین، بەڵام من تەنها ئەوەت پێ دەڵیم، ئەگەر حەفتا ساڵ بەر لەئێستا فڕۆکەکانی RAF بە فەرماندەیی جۆنستۆن قڕکردن و کوشتنی هەڕەمەکی  کوردیان نەکردبا، ئەوا ئەمڕۆ باسی کارەسەتەکانی کورد و سەداممان نەدەکرد، شیلە پێی گوت: ئەگەر زەبری هێز و کوشتن و ئابڵووقە و خاپوورکردنمان لە سیی و چلەکان بەرامبەر بە کورد نەکردبایە، ئەمڕۆ ئاوات و کوردانی دیكه‌ لە ئاوارەیی نە دەژیان، شیلە بەردەوام بوو، گوتی: ئەگەر مەلیکی وڵاتی ئەوانمان نەفی هیند نەکردبا و سەرکردەی شۆڕشی رزگاریخوازی ئەوانمان ئاوارەی یەکێتی سۆڤیەت نەکردبا، پێدەچوو ئەمڕۆ باسی خۆشبەختی و میهرەبانی ئەوانمان بکردبا. دیارە شیلە بە پیشە بەرپرسێکی کارگێری بوو، بەڵام بە بڕوانامە دەرچوی مێژووناسی زانکۆی دۆرهام، لە مێژووی ئیسلام و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، لەم روانگەشەوە مێژووی کوردی بە تایبەتی شۆڕشەکانی بارزانی ناسی بوو.

بەڵێ مستەفا بارزانی ئەو سەرکردە بوو، کە شیلە باسی دەکات، کە بە هێزێکی کەم و شەکەت و ماندوو، بە برسیەتی و شەڕکردن لەگەڵ مەرگ سنووری چوار وڵاتی بڕی و 12 ساڵ لە ئاوارەیی و ژیانێکی پر لە ئازار، کە هەموو ساتێك مردنێك بوو، لە یەکێتی سۆڤیەت بەسەر برد، سەرکردەیەك لە تەمەنی 17 ساڵیدا سنووری سێ وڵات دەبڕێت عێراق، تورکیا و سووریا، دژ بە عوسمانییەکان دەجەنگێت بۆ رزگارکردنی خانەوادەی ئاندریاك، فەرماندە و شۆڕشگێڕی ئەرمه‌نیەکان و رادەستکردنیان بە هێزە سەربازیەکانی فەرەنسا لە سنووری سووریا.

سەرکردەیەك ئەگەر نەیاران و کەسانێك کە بە پێچەوانەی ئایدلۆژیای بارزانی بیریان کردووه‌تەوە بکەین بە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی بارزانی، ئەوان شاهیدیان داوە کە بارزانی بوو ناسنامەی شەڕی یاخیبوون لە ناوچەیەکی بچووك و بەرژەوەندێکی تەسك گۆڕی بۆ شۆڕشێکی سەرتاسەری کوردستانی، کە زەنگی شۆڕش لە شنگال هەتا هەڵەبجە، لە بارزان هەتا مهاباد و لە قامشلۆ هەتا دەرسیم لە گوێی کوردان دەزرینگایەوە، ئەوەی رۆژێك لەگەڵ بارزانی بووبێت شاهیدیبان داوە، کە بارزانی مۆمی ئازادی و ئەفسانەی کوردایەتی دژ بە رەگەزپەرستی و چەوساندنەوەی گەلان بوو. 

دروستکردنی دامەزراوەیەکی خێرخوازی بەناوی بارزانی نەمر گەورەترین پاداشتە بۆ گیانی بارزانی و هاوڕێ و هەڤاڵانی، بە تایبەتیش دەزگایەك کە خزمەتکردن و بەهاناوە چوونی هەژاران و لێقەوماوان  بە ئەرك زانیوە. خزمەت و کەمکردنەوەی ئازارەکانی مرۆڤایەتی بە شانازی بینیوە، ماندووبون و شەونخونی خەمخۆرانی ئەم دەزگایە هیچ گومانێکی نەهێشتووه‌تەوە، کە ئەم دەزگایە هەڵگری پەیامی راستەقینەی فەلسەفە و رێبازی بارزانییە، ئەویش خزمەت بە مرۆڤایەتی ئەرك و شانازییە نەك منەت.

دەزگای خێرخوازی بارزانی چی دەکات؟

هەر لە سەرەتای تێکچوونی بارودۆخی ئاسایشی پارێزگاکانی عیراق لە ساڵی 2008ـه‌وه‌، دەزگا بۆتە فریادرەسی کریستیانە ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان. لە کاتی زەمین لەرزی لە وان دەزگا بوو بە مۆمێك بۆ نەکوژانەوە و دوانەکەوتنی خوێندن لە شاری وانی باکوری کوردستان. لە ساڵی 2013 هەتا ئێستا دەزگا بووه‌تە تەنها دەروازەیەك بۆ گەیاندنی هاوکاری و کەمکردنەوەی هەژاری لە نێو پەنابەرانی کوردانی رۆژئاوای کوردستان. هەر لە ناوەڕاستی 2014ـه‌وه‌ تا ئێستا، دەزگا بووه‌تە ئومێدێك بۆ دوورکەوتنەوە لە مردن لە نێو ئاوارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان.

لە سەرەتای گەمارۆدانی کۆبانێ لەلایەن تیرۆریستانه‌وه‌ تا دوای ئازادکردنیشی، دەزگا تەنها ئومێدی کۆبانێیان بوو دژ بە بە برسیەتی و ورە بەخشێك بوو بۆ شەرڤانان و پێشمەرگە. هەر لە سەرەتای کارەساتی شنگال و ئاوارەی نیو ملیۆنی خوشك و برا ئێزیدیەکان دەزگا تەنها سەرچاوەی دابینکردنی ژەمی رۆژانەی ئەوان بوو، یەکەم ئاسۆی شاخی شنگال بوو دوای ئازادکردنی. دەزگا هەڵگری پەیامی گەیشتن بە داهاتوو دەگەیه‌نێتە 22 هەزار ئازیزی ئەم کوردستانە.

هەموو ساڵێك لەگەڵ کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان، دەزگا دروستکەری زەردەخەنەی 35 هەزار قوتابی سەرەتایی کەمدەرامەتە. دەزگا سەربازە ونەکەی باشترکردنی کەرتی تەندروستی کوردستانە. دەزگا خزمەتکار و هێورکەرەوەی ئازاری کەس و کاری شەهیدانی کوردستانە. دەزگا هاورێ و هەڤاڵی پێشمەرگە بووە لە رووبەڕووبوونەوە دژ بە داعش. دەزگا رەنگ و دەنگی جوامێر و دڵە گەورەکانی کوردستانە، دەزگا نوێنەر و ئەمینداری بەخشەر و خێرخواز و سەرمایەدارە دڵفراوانەکانی کوردستانە.

2019 دەزگا لەگەڵ مەرگ جەنگی، بەڵام نەیهێشت شەڕی برسیەتی زاڵ بێت بەسەر منداڵە چاوگەشەکانی ئاوارەبووی حەسەکە و قامشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان. 

دەزگا باڵیۆز و گەیێنەری پەیامی ئاشتی و مرۆڤایەتیە لەودیوی سنوور، دەزگا دەنگی زوڵملێکراوانی ئێزێدی و کاکەیی و کریستیان و شەبەك و کەمە نەتەوەکانی ترە لە هۆڵەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان و مافەکانی مرۆڤ. دەزگا پردی پەیوەندی و ناساندنی مافی ئەم گەلەیە لە ژورە داخراوەکانی ئەمه‌ریکا و ئەوروپا، دەزگا ناسنامەی شانازی مرۆڤدۆستی کوردستانیانە. دەزگا دەروازەیەکە بۆ دروستکردنی توانا و ئەزموونی پێگەیاندنی رۆڵەکانی ئەم نیشتیمانە. دەزگا لە هەرێمێکی بچوك و داخراودا ئەکتەرێکی سەرەکی نێوەدەوڵەتی و ناوێکی ناسراوی مرۆڤایەتیە لەم جیهانە.

پرۆژە خزمەتگوزاریەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی چ لە کوردستان یان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عیراق بەشێکن لە پرۆژە ستراتیژیەکانی دەزگا" کە لە داهاتویێکی نزیکدا هەواڵی گەورەتر و ئومێدبەخشتر بەڕێوەن، بە هێزبوونی دەزگا لە ئاستی نێودەوڵەتی پاڵشتیێکی بەهێزە بۆ خزمەتی زیاتر لە هەرێمی کوردستان، هاوشەریکی و ئەندامیەتی دەزگا لە پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکان جگە لە کرانەوەی دەرگای زیاتر بۆ خزمەتکردن، شانازیێکی گەورەشە بۆ کوردستان.

لە ناوخۆی کوردستان پاڵپشتی خێرخواز و کەسایەتی و سەرمایەدارانی کوردستان بەردی بناغەی بەهێزی دەزگان، لە ئاستی نێودەوڵتیش شەفافیەت و خزمەتی بێ سنوور و بێ لایەنی دەزگا هۆکارێکن کە جیهانی خێرخوازی و گەشەپێدانی نێودەوڵەتی دەزگای لە ئامێزگرتووە، هەر ئەوەشە ئەمڕۆ دەزگای بارزانی ناوێکی ناسراو و دەنگێکی بەردەوام بیسراوە لە یەکێتی ئەوروپا، ئەمه‌ریکا، بەریتانیا و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی.

دڵنیابن هەتا دەزگای خێرخوازی بارزانی ئامانجی خزمەتکردن بە ئازیز و ئاوارە و هەژاران بێت دەزگا هەر بە  گەروەیی و شکۆمەندی لە خزمەت پێشەنگ دەبێت. 

*ئەندامی دەستەی کارگێڕی دەزگای خێرخوازی بارزانی، ماستەر لە پەرەپێدانی نێودەوڵەتی زانکۆی نیوکاسڵ.