مەکتەبی سیاسی پارتی بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی کۆبووەوە

مەکتەبی سیاسی پارتی تاوتوێی دوایین پێشهاتەکان دەکات

K24 - ھەولێر

مەحموود محەمەد، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی پارتی بە سەرپەرشتی سەرۆک مەسعود بارزانی و بە ئامادەبوونی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی کۆبووەوە.

گوتەبێژی پارتی راشیگەیاند، کە لە کۆبووەکە تاوتوێی دواین پێشهاتەکانی بارودۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و هەڵسەنگاندنی دواین پێشهاتەکان و پشتیوانیکردن لە هەولەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەو رێکارانەی حکوومەت گرتبووینەبەر کرا.

مەحموود محەمەد، لەبارەی تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بە کوردستان24ی گوت، قسەکردن لەسەر پێکهێانی کابینەی نوێ حکوومەتی عێراقی بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی و دووپاتکردنەوە لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و مافە یاسایی و داراییەکانی خەڵكی کورستان، کە پێویستە لە کابینەی داهاتوو لەبەرچاوبگیرێت تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ چارەسەری کێشە و ناکۆکییەکانیش دیالۆگ بە باشترین چارەسەر دەزانین.

گوتیشی، هه‌ر كێشه‌ و گرفتێكی ناوخۆیی لیكتێگه‌یشتن و دیالۆگ باشترین چاره‌سه‌ره‌، له‌م بارودۆخەشدا ده‌بێت پشتیوانی حكومه‌ت بین، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ سیاسی و ئیدارییه‌ی پێشتر له‌نێوانماندا هه‌بووه‌ بنه‌مای لێكتێگه‌یشتن و گفتوگۆكان بێت، ئه‌وه‌ لای ئێمه‌ ئه‌وله‌ویه‌ته‌، نه‌ك وه‌ڵام و وه‌ڵامكاری له‌ رێگه‌ی سۆشیال میدیا و رایگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌.

جەختیكردەوە، ئێستاش ده‌بێت پشتیوانی حكومه‌ت بین، به‌تایبه‌تیش به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ ئابوورییه‌ی كه‌ به‌هۆی كۆرۆنا رووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستانیش بووه‌ته‌وه‌ هاوشێوه‌ی وڵاتان.