21ـی ئەپریل نەک 22

Kurd24

لەم دوو ڕۆژەدا نووسینی دوو پسپۆری بەڕێز دەربارەی رۆژنامەگەریی کوردی و یادی ساڵانەی، لەم پۆرتاڵەوە بڵاوکرانەوە . یەکەمیان نووسینێکی بەڕێز د . مەغدید سەپان بوو بە تایتڵی : (زیاتر غەدر لە رۆژنامەنووس و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردی مەکەن). دووەمیشیان نووسینێکی بەڕێز د . فەرهاد شاکەلی بوو بە تایتڵی: (ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی: ڕاستکردنه‌وه‌‌ی هه‌ڵه‌یه‌کی چلساڵه ). هەردوو نووسین لە یه‌ک خاڵدا یەکدەگرنەوە، ئەویش هەوڵی ڕاستکردنەوەی ڕێکەوت و مێژووی دەرچوواندنی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردییە، واتا ( کوردستان )ی بەدرخانییەکان لەقاهیرەی پایتەختی میسر.

هەردوو نووسەری بەڕێز ڕایان وایە کە ڕێکەوتی دەرچوون و بڵاوبوونەوەی یەکەمین ژمارەی (کوردستان ) دەکاتە 21 ی ئەپریل/ نیسانی 1898، نەک وەک ئەوەی چل ساڵە بە 22 ی ئەپریل / نیسانی 1898 بەسەرماندا تێپەڕیوە .

د. مەغدید لە میانەی بەرگریکردنی لە ڕاگەیاندنکارانی کورد، ئاماژەیەکی خێرای داوە بەو ڕێکەوتەو لەسەری نەڕۆیشتووە. بەلام د . فەرهاد چەندین بەڵگەی بۆ سەلماندنی بۆچوونی خۆی هێناوەتەوەو گەشتێکی هەڵسەنگاندن و ڕەخنەیی بەناو چەندین سەرچاوەدا کردووە تا ڕاستی ودروستیی بۆ دەرکەوتووە.

بەندەش کە پسپۆرییەکەم میدیایە، بۆچوونی ئەو بەڕێزانە زۆر سەرنجی ڕاکێشام و لای خۆمەوە کێچ کەوتە کەوڵم ... دەستمکرد بە گەڕان بەدوای ڕاستییەکاندا. لە پاش چەند کاتژمێرێک گەڕان و لێکدانەوە بۆم ساغ بۆوە کە بۆچوونی ئەو دوو بەڕێزە ڕاست و دروستەو بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم باس و خواسەش وا لەگەڵ ئەم نووسینەدا بەڵگەکانم دەخەمەڕوو .

یەکەم:  وەک لە وێنەی 1 دا دەبینرێت ، لە گەردنی ڕوپەڕی 1ی یەکەمین ژمارەی (کوردستان ) دا ئەم تێکستە نووسراوە:

 { رۆژا پنجشمی دە  ٣٠ ذو القعدة سنة ١٣١٥    پنجشنبە في ٩ نیسان سنة ١٣١٤}

وێنەی 1[1]

کاتێ کە ڕێکەوتە ( کۆچی/ هیجری) یەکە ٣٠ ذو القعدة سنة ١٣١٥  بەراورد دەکەین بە مێژووی (زایینی/ میلادی)  بەرامبەر بە ( 21 / ئەپریل / 1898 ) دەبێتەوە وەک لە وێنەی 2 دا دەیبینیین :

وێنەی 2 [2]

دووەم : بۆ زیاتر دڵنیا بوون ، تکایە سەرنجبدەنە دەستەواژەی (رۆژا پنجشمی) واتا یەکەمین ژمارەی ( کوردستان ) لە ڕۆژی  پێنجشەممەدا دەرچووە . کەواتە با بزانیین 21 یان 22 ی مانگی نیسانی 1898 کامیان پێنجشەممە بوون:

وێنەی 3 [3]

زۆر بەڕوونی دیارە کە 21 ی ئەپریل / نیسانی 1898  (ثێرسدەی/ پێنجشەممە) بووە نەک 22 ی ئەپریل کە ڕۆژی (فرایدەی / هەینی) بووە.

هەر بۆ زیاتر دڵنیابوون و گومانبڕین ئەمەش  بەڵگەیەکی تر لە پێگەیەکی ئەلەکترۆنیی ترەوە کە لە وێنەی 4 دا دیارە 21 ی ئەپریلی 1898ڕێکەوتی پێنجشەممەی کردووە ، نەک 22 ی ئەپریل . ئەمڕۆش کە 21 ی ئەپریلی ساڵی 2020 ی زایینییە 122 ساڵ بەسەر ئەو ڕێکەوتەدا تێپەڕ دەبێت .

وێنەی 4 [4]

سێیەم : لە گەردنی دووەمین ژمارەی ( کوردستان ) دا نووسراوە :

{ رۆژا پنجشمی دە  ١٤ ذو الحجة سنة ١٣١٥    پنجشنبە في ٢٣ نیسان سنة ١٣١٤}

 وێنەی 5 [5]

کاتێ کە ڕێکەوتە ( کۆچی/ هیجری) یەکە (١٤ ذو الحجة سنة ١٣١٥    ) بەراورد دەکەین بە مێژووی (زایینی/ میلادی)  دەبێت بە ( 5 / مایو ، ئایار / 1898 ) وەک لە وێنەی 6 دا دەیبینیین :

وێنەی 6 [6]

دیارە کە دووەمین ژمارەیش لە پێنجشەممەی هەفتەی دوومدا دەرچووە کە بەرامبەر 5 ی مایۆ / ئایاری 1898 دەوەستێتەوە. بەو جۆرەش بۆمان یەکلایی دەبێتەوە کە یەکەمین ژمارەی ( کوردستان ) لە 21 ی ئەپریلی 1898 دەرچووە نەک لە 22 ی ئەپریل . کەواتە با لێرە بەدواوە ئەو یادە لە 21 ی ئەپریلی هەموو ساڵێکدا بکەینەوە.

سەرچاوەکان :

[1] . لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە  https://ckb.wikipedia.org/wiki/

[2]  . برنامج تحويل التاريخ  http://www.al-eman.com/p39

[3]  . International Cyber University of Medical Sciences http://icums.mnums.edu.mn/calendar/view.php?view=month&time=-2261372400&course=1

[4] https://www.onthisday.com/date/1898/april/21 

[5].https://www.saradistribution.com/kurdistan-newspaper1898.htm

[6] . برنامج تحويل التاريخ  http://www.al-eman.com/p39