راگه‌یه‌ندراوێكی نوێ له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆوه‌

مه‌ترسی كۆرۆنا هێشتا ماوه‌

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی به‌یانی ژماره‌ 29ی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رایگه‌یاندووه‌، تا ئێستا مه‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا به‌رده‌وامه‌ و نابێت سه‌رۆك یان ئه‌ندامانی ژووری ئۆپراسیۆنه‌كان لێدوان بده‌ن به‌ره‌و ساردكردنه‌وه‌ی هاووڵاتیان له‌ جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كانی خۆپاراستن و هه‌ر كه‌سێك به‌و ئاراسته‌یه‌ لێدوان بدات به‌رپرسیار ده‌بێت. 

ده‌قی به‌یانی ژماره‌ (29)

یه‌كه‌م: وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ تا ئێستا مه‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌رده‌وامه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نابێت سه‌رۆك یان ئه‌ندامانی ژووری ئۆپراسیۆنه‌كان لێدوان بده‌ن به‌ره‌و ساردكردنه‌وه‌ی هاووڵاتیان له‌ جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كانی خۆپاراستن و هه‌ر كه‌سێك به‌و ئاراسته‌یه‌ لێدوان بدات به‌رپرسیار ده‌بێت.

دووه‌م: كردنه‌وه‌ی شوێنی خزمه‌تگوزاری و بازرگانی له‌ پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان به‌ پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌ دراوه‌ به‌ پارێزگاره‌كان و سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان نابێت ببێته‌ ئه‌گه‌ری كه‌مته‌رخه‌می له‌ رێكاره‌كانی خۆپاراستن.

سێیه‌م: پێویسته‌ له‌ هه‌ر شوێنێك مه‌ودای نێوان دوو كه‌س له‌ "1.5" مه‌تر كه‌متر نه‌بێت و ده‌مامك و په‌نجه‌وانه‌ به‌كاربهێنرێت له‌لایه‌ن هاووڵاتیان و خاوه‌ن شوێنه‌ خزمه‌تگواری و بازرگانییه‌كان.

چواره‌م: پێویسته‌ له‌سه‌ر ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان به‌دواداچوونی ته‌واو بۆ جێبه‌جێكردنی رێكاره‌كانی خۆپاراستن بكه‌ن و هه‌ر شوێنێك پابه‌ند نه‌بێت داده‌خرێت.

پێنجه‌م: هاووڵاتیان ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ پابه‌ند بن به‌ رێنماییه‌كانی خۆپاراستن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ تێپه‌ڕێنین و ناچار نه‌بین ده‌ست بكه‌ینه‌وه‌ به‌ داخستنی شوێنه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان، كه‌ ده‌بنه‌ هۆكاری دروستكردنی مه‌ترسی له‌سه‌ر ته‌ندروستیی گشتی.

شه‌شه‌م: ژووره‌كانی ئۆپه‌راسیۆن راپۆرتێك ئاماده‌ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئاستی پابه‌ندبوونی هاووڵاتیان به‌ رێنماییه‌كانی خۆپاراستن له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان و له‌ ماوه‌ی "24" كاتژمێردا ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌كه‌ن.

حه‌فته‌م: ئه‌م به‌یانه‌ له‌ رۆژی ده‌رچوونییه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د

وه‌زیری ناوخۆ