بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بازاڕی زێڕینگران لاواز دەكات

"رەوشەکە بەو شێوەیە بەردەوام ناتوانین زێڕ بکڕینەوە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

دابەزینی نرخی نەوت و بەرزبوونەوەی نرخی زێر، کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر  زێڕینگران، چونکە بەرزی نرخەکان وایکردووە خەڵک لە بری کڕینی زێڕ، دەست بە فرۆشتنی زێڕەکانیان بکەن.

ژمارەیەك زێڕینگر لە بازاڕی سلێمانی دەڵێن، ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت توانای کڕینیشیان نامێنێت، هاوکات داخرانی سنوورەکان بەهۆی کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ئاڵووگۆڕی زێڕی لەنێوان وڵاتانیش دروستکردووە کە زێڕنگران ناتوانن زێڕەکانیان هەناردە بکەن، یاخود بەرهەمی نوێ هاوردە بکەن.

عومەر عارف، یەكێكە لە زێڕینگرانی بازاڕی سلێمانی، باس لەوە دەكات ھیچ ساڵێک بە ئەندازەی ئەم چەند رۆژە بازاڕیان روو لە کزی نەکردووە، پێشبینیش دەکا نرخی زێر بەئاسانی روو لەدابەزین نەکات.

بەھۆی داخستنی فڕۆکەخانەکانەوە، نە زێر ھاوردە دەکرێت، نە زێڕینگەرانیش دەتوانن ئەو زێرانە کە کڕیویانە ھەناردەی وڵاتانی بکەن، تا سەرلەنوێ دروست بکرێنەوە.