"ھاووڵاتییان دەبنە مەترسی بۆ سەرھەڵدانەوەی كۆرۆنا"

تەندروستی سلێمانی: ئێستا وەك پێویست پابەند نابن
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ھاووڵاتییان وەک پێویست رێنماییەکانی تەندروستی تایبەت بە کۆرۆنا جێبەجێ ناکەن، ئاماژە بەوەش دەکات بارودۆخەکە ھەروا بەردەوام بێت، دەبێ چاوەڕێی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەین.

د. ھێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە كوردستان24ی راگەیاند: "دەبێ زۆر وریاتربین كە دۆخەكە لەدەست دەرنەچێت، بۆیە ھۆشداری دەدەین لە خۆپارێزی، چونكە لە ھەڵمەتی یەكەم ھاووڵاتییان پشتی ئێمە بوون، بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە، بەڵام بەداخەوە ئێستا ھاووڵاتییان دەبنە مەترسی سەرھەڵدانەوەی ڤایرۆسەكە".

بەپێی بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ، قەدەغەی ھاتوچۆ تا 1ی مانگی داھاتوو بەردەوامە، بەڵام ئەوەی دەبینرێت بازاڕەکان وەک جاران قەرەباڵخن و ھاووڵاتیان ھاتووچۆ دەکەن، تەنیا جیاوازی ئەوەیە کە ئۆتۆمبێل زۆر بە کەمی بەدی دەکرێت، بۆ ئەم بارودۆخەش بەردەوام بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی ھۆشداری دەدەن، چونکە وەک جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەڵێ، ئەوان پلانیان وابوو بە ھێواشی و بە چەند قۆناغێک ژیان ئاسایی ببێتەوە، نەک وەک ئەم دۆخەی ئێستا. ئاماژە بەوەش دەکات بەو شێوەیە، دەبێت خۆمان بۆ شەپۆلی  دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئامادە بکەین.

پارێزگاری سلێمانی بەردەوام جەخت لەوە دەكاتەوە، پابەند بوونی ھاووڵاتییان وادەکات مەترسییەکان کەم ببنەوە، بەڵام بۆ پابەند نەبوونی ئێستای ھاووڵاتییان بە رێنماییەکان دەڵێت، رەنگە مەترسییەکان زیاد ببن و پلانیشیان بۆ رووبەڕووبونەوەی ھەیە.