جیھانی دوای کۆرۆنا بۆ چین باش نابێت

"یاری سەرزەنشتکردن بەرامبەر چین دەستپێدەکات"

K24 - مینیسۆتا – ئه‌مه‌ریكا:

شی جیانگ تاو کە پێشتر وەک دیپلۆمات و ئێستاش نووسەرێکی بەناوبانگی چین-ە لە ھۆنگکۆنگ و خاتوو ویندی وۆ پڕۆژنامەنووسی چین-ی، بە ئاشکرا دەڵێن سەردەمی پۆست - کۆرۆنا ھەرگیز بۆ چین باش نابێت.

جیانگ تاو کە زیاتر کار لەسەر گەشەپێدانی سیاسی و کۆمەڵایەتی چین دەکات، دەڵێت: "لە گەڵ ھەڵکشانی مردن بۆ سەروو 200 ھەزار كه‌س بەھۆی کۆرۆنا و تاڕادەیەک وەستاندنی ئابووری جیھان، دەشێت جەنگێکی ساردی نوێ لە جیھان سەرھەڵبدات ھاوشێوەی جەنگی ساردی 44 ساڵەی نێوان یەکێتی سۆڤیەت و ئەمه‌ریکا، بەڵام ئەمجارە لەنێوان چین و ئەمه‌ریکا".

وێڕای ئەوەی روون نییە کەی ڤایرۆسەکە کۆتایی دێت، بیجینگ (پەکین) خۆی ئامادەکردووە بۆ ھەموو پەرچەکردارێکی توندی نێودەوڵەتی کە ئاراستەی دەکرێت. یەکێک لە ڕاوێژکارەکانی حکومەتی چین بە خاتوو ویندی وۆ-ی وتووە کە بەرپرسانی حزبی شیوعی ھەنگاوێکی سەرەتایی ناوخۆییان دەستپێکردووە بۆ داوای ڕاوێژکردن بە ڕۆشنبیر و ئەکادیمییەکانی چین کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو ژینگە ڕەخنەییە بکەن کە لەلایەن ئەوروپا و ئەمه‌ریکا و ئوسترالیاوە ڕووبەڕوویان دەکرێتەوە.

لە ھەمانکاتدا، زیانە گیانییەکان و پشێوییە کۆمەڵایەتییە وێرانکەرەکان بەھۆی کۆڤید 19ـەوە پاڵ بە توێژەرە ئەمه‌ریکییەکانەوە دەنێت ھەروەک توێژەر و ڕۆشنبیر و میدیاکارەکانی چین، بە دوای ڕووداوەکانی پۆست - کۆڤید 19 بگەڕێن.

لەنێو ئەو دەنگانەدا پرسیاری ئەوە دەخرێتەڕوو دەربارەی ڕۆڵی چین لە جیھاندا دوای کۆرۆنا ڤایرۆس.

جۆرج ماگنۆس یاریدەدەری سەنتەری چین -ی زانکۆی ئۆکسفۆرد و گەورە بەرپرسی پێشوو لە بانکی UBS ی وەبەرھێنان دەڵێت: "سبەی پەتاکە کۆتایی دێت، بەڵام ئەم ھەڵەیه‌ی چین ڕاست نابێتەوە، ئاسەوارەکەی بە تاریکی بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ دەمێنێتەوە".

ماگنۆس دەڵێت: "چین تووشی سزای قورس دەبێت ئەگەر دەرکەوت کە بەرپرسیارە لە زانینی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە و بەڵام بێدەنگەی لێکردووە".

دۆناڵد ترەمپ چەند ھەفتەیەک لەمەوبەر تارماییەکی خستە سەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا وتی: " ئەمریکا لێکۆڵینەوە لە بنەچەی سەرھەڵدانی کۆرۆنا دەکات له‌ ووھان".

ھەروەھا حکومەتی بەریتانیا بەر لە ھەموو ئەوروپییەکان بێدەنگی شکاند و مایکل جۆڤ وەزیری حکومەت بۆ بی بی سی، وتی: "چین شکستی ھێنا لە سرووشتی ترسناکیی ڤایرۆسەکە و گەیاندنی زانیاریی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە جیھانی دەرەوە".

ئەنگێلا میرکل-ی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا-ش لەکاتی بەشداری ڕێوڕەسمێکی پزیشکیدا، باسی لەوەکرد کە له‌ بارەی بنەمای ڤایرۆسەکە داوای شەفافیەت لە چین دەکەن.

ھەربۆیە جۆرج ماگنۆس ئاماژە بەوە دەدات لە دوای کۆرۆنا پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پڕ گرژیی و ئاڵۆزی دەبێت.

ئەو بۆ ڕۆژنامەی زە نیو یۆرك تایمز، وتی: "ھیچ لە قازانجی چین نابێت، چونکە چین بە پلەی یەکەم پشت بە ھەناردەکردن دەبەستێت. کەمبوونەوەی ھاوردەکردەکردن لە چینەوە بۆ ئەوروپا و ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکە، زیانی گەورە لەچین دەدات".

سورابا گۆبتا، پسپۆری سیاسی لە پەیمانگای توێژینەوەی چینی- ئەمه‌ریکی لە واشنگتۆن پێیوایە ھەر لە سەرەتاوە کاریگەریی قەیرانەکانی کۆرۆنا ڤایرۆس دیارە، بە ھەمان شێوە بۆ زە نیو یۆرک تایمز دەڵێت: "لەبەرچاومانە چ پەرچەکردارێك لەلایەن ئەوروپاوە ڕوودەدات".

کین گاریت، یەکێک لە گەورە بەرپرسانی گرووپی کۆمپانیای ئۆلبرایت ستۆنبریج و سەرۆکی پێشووی ژووری بازرگانی ئەمریکی لە شانگھای پێیوایە ھەست بە بێمتمانەییەکی قووڵ و دوژمنکارانە لەلایەن چین و ئەمه‌ریکاوە دەکرێت. ڕۆژی 7ی نیسان لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی چین- وتی: "ترس لە بەرزبوونەوەی قوربانییەکانی ئەمه‌ریکا لە داھاتوو وا لە دنیا دەکات ئاراستەی سەرزەنشتکردنەکانیان ھەڵکشێت ڕووەو چین".

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سەنتەری پیو لە توێژینەوەیەکیدا لە ئەنجامی دەستکەوتنی نوێترین ڕاپرسیدا نیشانیدا کە سێ بەشی ئەمه‌ریکییەکان بەچاوی مەرگ لە چین دەڕوانن. کە ئەمەش خراپترین ئامار و پۆڵێنە لەدوای ساڵی 2005ـەوە.

یەکێک لەو چالێنجانەی ھەمیشە ئەمریکا لەگەڵ کێبڕکێکارەکانیدا بەکاریدەھێنێت فشاری دیپلۆماتییە لەسەر ھاوپەیمانەکانی کە ئەمە لەسەردەمی جەنگی سارد-یشدا بەردەوام بەرامبەر سۆڤییەت دەیگرتە بەر. سورابا گۆبتا لەمبارەیەوە دەڵێت: "ھەمیشە ھەڵۆ ھەوڵدەدات ھاوپەیمانەکانی لە قەیراندا بەکاربھێنێت".

لەمبارەیەوە، گێل لۆفت، بەڕێوەبەری ھاوبەشی پەیمانگای شیکاری ئاسایشی نێودەوڵەتی، کە لە واشنتنە، لە لێدوانێکدا بە سی ئێن ئێن دەڵێت: "ئەمریکا و دەوڵەتان فشار دەخەنە سەر چین، دەشێت داوای یاسایی ڕوبەڕووی چین بکرێتەوە ".

کۆتایی ھاوین، یاری سەرزەنشتکردن بەرامبەر چین لە جیھاندا لەبری یاری ئۆلۆمپیاد، دەستپێدەکات، کە ئەمەش ژینگەیەی خراپ بۆ جیھان دەخوڵقێنێت.