خوێندن بە سیستەمی ئەلیكترۆنی

Kurd24

دوای بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە تەواوی جیھاندا، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لە سەرەتای رێكارەكانی خۆپارێزی و رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە، بڕیاریدا لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن پرۆسەی خوێندن رابگرێت و بكرێتە پشوو. بە ھۆی درێژەكێشانی ئەو پەتا جیھانییە و، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە ھەرێمی كوردستانیش، نەتوانرا دەست بە پرۆسەی خوێندن بكرێتەوە لە ناو ھۆڵەكانی خوێندن. لە بری ئەوە ئامادەكاری دەكرێت بۆ دەستپێكردنی سیستەمی ئەلیكترۆنی پاڵپشتیكار لە سەرەتای مانگی داھاتووەوە.

لەم وتارەدا مەبەستمانە، کورتە باسێک دەربارەی  سیستەمی خوێندنی ئەلیكترۆنی و سوودەكانی بەكارھێنانی ئەو سیستەمە و، ئاستەنگەكانی بەردەم سیستەمەکە بۆ ئێستای  ناوەندەكانی خوێندنی كوردستان و، لێكەوتەكانی لە ئایندەدا و، پێشنیار بۆ چۆنییەتی سەرکەوتن و  تەواوكردنی خوێندنی ئەمساڵ 2019-2020 بۆ قۆناغ و ئاستە جیاوازەكان، بخەینەڕوو.

سیستەمی خوێندنی ئەلیكترۆنی، یەكێكە لە شێوازەكانی فێرکردن، كە تیایدا پشت دەبەسترێت بە داڕشتن  و رێكخستنی شێوازی وانەوتنەوە لە ڕێگای بەكارھێنانی ئامرازە ئەلیكترۆنییەكان، كە لە بواری تەكنەلۆژیا و پەیوەندیكردن بەكاردەھێنرێن، بە تایبەتی بەكارھێنانی كۆمپیوتەر و ئینتەرنێت. سیستەمی ئەلیكترۆنی، دەكرێت لە ناو ھۆڵەكانی خوێندن و لە دەرەوەی ھۆڵەكانی خوێندن، بۆ گەیاندنی زانست و زانیاری و فێربوون، بەكاربھێندرێت. ئەم سیستەمە كە بنەمای بەھێزكردنی رەوتی زانست و زانیاری و ئاستی خوێندن و ئەكادیمی بەشێكی زۆر لە وڵاتە پێشكەوتووەكانە و، لە رۆژگاری ئەمڕۆدا بە شێوەیەكی فراوان پشتی پێدەبەسترێت، (بە فیڕۆنەدانی كات، كەمی تێچوون، توانای گەیاندنی وانەكان بە ژمارەیەكی زۆر لە قوتابی لە یەك كاتدا، توانای دەست گەیشتن بە وانەكان زیاتر لە جارێك بە بێ ئاستەنگی كات و شوێن، بەردەوام نوێكردنەوەی زانیارییەكان ھاوتەریب لەگەڵ بەرەوپێشچوون لە بوارە جیاوازەكان و، كاریگەری ئەرێنی ژینگەیی بەتایبەت لە رووی كەمتر بەكارھێنانی كاغەز و سەرچاوەكانی وزە)، لە گرنگترین سوود و خاسییەتەكانی بەكارھێنانی سیستەمەكەن.

ئەم سیستەمە لەگەڵ ئەوەی سوود و كاریگەری زۆری ھەیە و پێویستە لە ھەرێمی كوردستان ھاوشێوەی وڵاتانی پێشكەوتوو سوودی لێوەربگیرێت، بەڵام بۆ ئێستا كۆمەڵێك گرفت و ئاستەنگ لە پەیڕەوكردنی ئەم سیستەمە دێنە پێش، كە پێویستە لە كاتی بڕیاردان لەو پرسە لەبەرچاوبگیرێن. لەوانەش؛ نەبوونی بناغە و ئامادەكاری پێشوەخت بۆ ئاشنایی بەو سیستەمە، نەبوونی شارەزایی و ئەزموونی كەڵەكەبوو لەو بوارە لەلایەن قوتابیان و مامۆستایان و وانەبێژانەوە، لاوازی ژێرخانی ناوەندەكانی خوێندن لە رووی ئامرازە پێویستەكان بۆ بەگەڕخستنی ئەم سیستەمە، ئاستی خوێندەواری خانەوادە و باوانی قوتابیان بە تایبەت بۆ قۆناغی بنەڕەتی، بارودۆخی دارایی و كاریگەرییەكانی لەسەر قوتابی و خانەوادەكانیان، نەبوونی ژینگەی لەبار و یەكسان بۆ ھەموو قوتابیان بە ھۆی جیاوازی گوزەرانیان كە دەبێتە ھۆی كەمبوونەوەی توانای وەرگرتن و فێربوون، گرفتی كارەبا و خاوی ھێڵەكانی ئینتەرنێت، لە دیارترین ئەو ئاستەنگانەن كە وادەكەن وەکو پێویست لە سەرەتاوە لەلایەن قوتابیانەوە پێشوازی لێنەكرێت.

 كەموكوڕی و جیاوازی لە فێربوون لە نێوان قوتابیان بە ھۆی ئەو ئاستەنگانەی ئاماژەی پێدراوە، وە بە ھۆی ئەوەی كە سیستەمەكە پاڵپشتیكارییە (واتە قوتابی پابەند ناكرێت لە وەرگرتنی وانەكان بەو شێوازە و ئەو بەشانەی پرۆگرامی خوێندن كە لەو رێگایەوە دەیخوێنن، ناخرێنە چوارچێوەی پرسیاری تاقیكردنەوەكان)، كە لە قۆناغەكانی داھاتووی خوێندنیان كاریگەری لەسەر ئاستیان دەبێت، وە دروستبوونی تێڕوانینێكی نەرێنی لەلایەن قوتابیان، مامۆستایان و كۆمەڵگا لەسەر ئەو سیستەمە (ھاوشێوەی ئەو تێڕوانینەی لە رابردوودا لەسەر سیستەمی خوێندنی سویدی دروستبوو)، لە دیارترین لێكەوتە نەرێنییەكانی پەیڕەوكردنی شێوازی خوێندنی ئەلیكترۆنی دەبن، بۆ تەواوكردنی ئەمساڵی خوێندن.

بە شێوەیەكی گشتی بە تێگەیشتن لەوەی خواستی قوتابیان و حكوومەتی ھەرێم، قەرەبووكردنەوەی كاتی بەفیڕۆچوو و، تەواوكردنی پرۆسەی خوێندنە بە شێوەیەك لە بەرژەوەندی قوتابیان بێت و رەچاوی كوالێتی خوێندنی تێدابكرێت بە بێ دەرچوون لە پێوەرەكانی  یونسكۆ و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی كە لە بواری پەروەردە و خوێندن كار دەكەن، دەكرێت لەگەڵ بەكارھێنانی شێوازی ئەلیكترۆنی (كە مەبەستی سەرەكی لە پەیڕەوكردنی، بەفیڕۆنەچوونی ساڵێكی خوێندن و ئەرك و ماندووبوون و شەونخونی قوتابیان و خانەوادەكانیان و مامۆستایانە)، بۆ قۆناغ و ئاستە جیاوازەكانی خوێندن، سوود لەم پێشنیارانە ببینرێت:

أ- بۆ ئاستەکانی "بنەڕەتی، ئامادەیی، پەیمانگاكان" لە چوارچێوەی وەزارەتی پەروەردە:

  1. لە پۆلی 1ـی بنەڕەتی تا پۆلی 11ـی ئامادەیی و لە قۆناغی 1 تا قۆناغی 4 لە پەیمانگاكان:

* لە دوای ئاساییبوونەوەی دۆخەكە لە رووی تەندروستییەوە، لەو بەشانەی كە لە پێش بەرواری 26/2/2020 خوێندراون، تاقیکردنەوەکان بکرێن.

* لە خوێندنی ساڵی داهاتوو، قەرەبووی سەرجەم بەشە نەخوێندراوەكان (لە ناو ھۆڵەكانی خوێندن)، بكرێتەوە.

3- قۆناغی 5 لە پەیمانگاكان:

* لە دوای ئاساییبوونەوەی دۆخەكە لە رووی تەندروستییەوە، لەو بەشانەی كە لە پێش بەرواری 26/2/2020 خوێندراون، تاقیکردنەوەکان بکرێن. ھەروەھا قەرەبووی ئەو وانە تیۆری و پراكتیكییانەیان بۆ بكرێت، كە لە داھاتوودا لە ژیانی ئەكادیمی و پیشەیی، پێویستیان پێدەبێت.

2- پۆلی 12:

 * بە شێوەی داخیلبوونی گشتی (دخول عام) مافی تاقیكردنەوە بە سەرجەم قوتابیان بدرێت.                                             

* بۆ ئەزموونەكانی پۆلی 12،  لەسەر بنەمای كەمترین بەشی خوێندراو لەسەر ئاستی قوتابخانەكانی ھەرێم كوردستان لە وانە جیاوازەكان، تاقیكردنەوەكان بکرێت.                                                             

* بۆ تاقیكردنەوەكان، سوود لە ھۆڵی كۆلێژ و پەیمانگاكان و ھۆڵە داخراوەكان لە شار و شارۆچكەكان وەربگیرێت و، پێداویستی خۆپارێزی بۆ قوتابیان دابین بكرێت.                                                          

* كاتی نێوان تاقیكردنەوەی خولی یەكەم و خولی دووەم ماوەیەكی گونجاو بێت و، رەچاوی باری دەروونی قوتابیان بكرێت.

ب- بۆ ئاستی زانكۆ و پەیمانگاكان:

1-  قۆناغە ناكۆتاییەكان:

* لە دوای ئاساییبوونەوەی دۆخەكە لە رووی تەندروستییەوە، لەو بەشانەی كە لە پێش بەرواری 29/2/2020 خوێندراون، تاقیکردنەوەکان بکرێن.

* لە ساڵی خوێندنی داھاتوو، سەرجەم بەشە تیۆری و پراكتیكییەكانیان بۆ قەرەبوو بكرێتەوە.

2- قۆناغە كۆتاییەكان: 

* لەو بەشانەی كە لە پێش 29/2/2020 خوێندراوە، لە سەرەتای مانگی 6، تاقیكردنەوەكان بە رەچاوكردنی رێككارەكانی خۆپارێزی، بکرێن. (بە ھۆی خۆئامادەكردن بۆ چوونە ناو بازاڕی كار، یان درێژەدان بە خوێندنی باڵا، كات بۆ قوتابیانی دوا قۆناغ زۆر گرنگە).

* لە دوای ئاساییبوونەوەی دۆخەكە لە رووی تەندروستییەوە، قەرەبووی سەرجەم بەشە تیۆری و پراكتیكییەكانیان بۆ بكرێتەوە

* ماوەی پێشكەشكردنی توێژینەوەی كۆتایی ساڵ، بۆ قوتابیان درێژبكرێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانن ئەو داتا و زانیارییانەی پێویستن بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەكانیان، بەدەستیبھێنن.

3-  بۆ ئەمساڵی خوێندن و بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئابوری و باری دەروونی قوتابیان، نمرەی بڕیار، پەڕینەوە (عبور)، بار گۆڕین (تغییر حالە) و بار سوككردن (تخفیف حالە)، لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاری لەسەر بدرێت و بە رەچاوكردنی جیاوازی و تایبەتمەندێتی زانكۆكان، پابەند بكرێن بە جێبەجێكردنی.

ئەوەی ماوەتەوە بیڵێین، پێویستە ئامادەكارییەكان بۆ خوێندنی ئەلیكترۆنی وەكو ھەنگاوێكی سەرەتایی بۆ ساڵی خوێندنی 2019-2020، بكرێنە بنەمایەك بۆ ئەوەی لە داھاتوودا بە رەخساندنی زەمینەی لەبار لە ھەرێمی كوردستان، بەردەوامی بە سوود وەرگرتن لەم شێوازە پێشكەوتووەی خوێندن، بدرێت. دەزگاكانی راگەیاندن بە فراوانی كار لەسەر ناساندنی ئەم شێوازە و چۆنییەتی بەكارھێنانی بكەن، تاوەكو قوتابیان ئاشنای شێوازی بەكارھێنانی بن. حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ھاوشێوەی ھەموو بڕیار و رێكارە پێویستەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم بارودۆخە نەخوازراوە و پاراستنی قوتابیانی كوردستان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، بڕیاربدات بە داشكاندنی كرێی خوێندنی قوتابیان لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندنی حكومی (پارالێل) و ناحكومی، و سەرمایەداران و خاوەنی زانكۆ، پەیمانگا و، قوتابخانە ناحكومییەكان،  وەكو ئەركێكی نیشتمانی پاڵپشتی قوتابیان و حكومەتی ھەرێمی كوردستان بن لەم قۆناغە ھەستیارەدا.