شەڕی ساردی نێوان وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا

Kurd24

ئەو شەڕە ساردەی کە ساڵانێکی زۆر بەردەوام بوو لە نێوان ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا  و رووسیا کۆتایی پێ هات. کەچی ئێستا هەمان شەر وا خەریکە لە نێوان وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا سەرهەڵدەدات، ئەمەش لە کات و ساتێکی زور هەستیار کە ئیستا نەک تەنیا ئەوروپا بەڵکو هەموو جیهان پێیدا تێپەر دەبن ئەوەیش کێشەی خۆ رزگارکردن لە کۆڤید19یە.

ئەوە دەبوو ببێتە دەرفەتێک بۆ لە یەک نزیکبوونەوە و هاوکاری کردنی یەکتری، کەچی بە پێچەوانەوە ئیستا نیشانەکانی شەڕی سارد لە نێوان خودی ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا بەدەر دەکەوێ، ئەمەش بۆتە نیگەرانی  ئەو 446 ملیۆن هاووڵاتیانەی ئەوروپا کە هێشتا برینی دەرچوونی بەریتانیا سارێژ نەبۆتەوە، کە لە 23 حوزەیرانی 2016 دەنگیان بۆدا سەبارەت بە دەرچوونی لە یەکێتیی ئەوروپا، کە چەند هەفتەیەک بەر لە ئیستا بڕیارەکە جێبەجێ کرا.

راستە شەڕ لە نێوان ئەو وڵاتانەدا نەماوە،‌ بەڵام ناکۆکی و ململانێی سیاسی ھێشتا لە نێویاندا بەردەوامە. ئێستاش دوای تێپەڕبوونی حەفتا و پێنچ ساڵ بەسەر کۆتایی هاتنی  جەنگی جیهانی دووەم  و شەست ساڵ بەسەر دروستبوونی بەردی بناغەی یەکێتیی ئەوروپا، ھەر وڵاتێکی ئەندام لەو یەکێتییە بە شێوەیەکی جیاواز سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بەرێوە دەبات، بێ گوێدان بە بنەما یاساییەکان و بەرژەوەندی وڵاتانی تری یەکێتییەکە، کە ئەمەش بۆتە ھۆی نەبوونی سیاسەتێکی ھاوبەش لەنێوان ولاتانی ئەندام.

هەر ئەوەشە بۆتە ئاستەنگ لەبەردەم وڵاتێکی وەک ئیتاڵیا کە یەکێکە لە وڵاتە هەرە کۆنەکانی یەکێتی ئەوروپا، کەچی ئێستا بە هۆی ئەو بارودۆخە سەختە ئابورییەی کە تێیکەوتووە بەتایبەتیش دوای کێشەی زیادبوونی قوربانیانی ڤایروسی کۆرۆنا کە کاریگەرییەکی زۆری کردە سەر باری ئابوری وڵاتەکە، چەندین جار وەک مافێکی یاسایی خۆی داوای یارمەتی دارایی لە وڵاتانی تری ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا کرد، بەڵام وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، هۆڵەندا و سووید رازی نەبوون لە سەر دانی ئەو بڕە پارەیە بە حکومەتی ئیتاڵیا بۆ دەربازبوونی لەو قەیرانە ئابورییەی کە بە دەستیەوە دەناڵێنێت.