راگەیاندراوێك لە سەرۆكايه‌تيی هەرێمی كوردستانەوە

په‌لاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین به‌توندی ئیدانه‌ ده‌كات

K24 هه‌ولێر:

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یاندراوێكدا په‌لاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین به‌توندی ئیدانه‌ ده‌كات.

ئه‌مڕۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌: "پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ناوچەی مكێشیفەی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین كە ژمارەیەك لە هێزە ئەمنییەكانی عێراقى تيادا بوونه‌ قوربانى، بە توندی ئیدانە دەكەین".

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: "ئەم پەلامارە و هێرشەكانی دیكەی ئەم دواییەی تیرۆریستان، ئاماژەی ترسناكی فروانبوونەوەی مەترسی و جموجۆڵە سەربازییەكانی داعشه‌، هه‌روه‌ها زەنگێكی دیكەی بەئاگاهێنانەوەی هەموو لایەكمانە و بەڵگەی قۆستنەوەی هەڵومەرجی نالەباری عێراقە لەلایەن تیرۆریستانەوە بۆ دووبارە خۆڕێكخستەنەوە و ئەنجامدانی پەلاماری فراوانتر".

له‌كۆتایی راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "لە كاتێكدا سڵاو بۆ گیانی قوربانييان دەنێرین، هاوخەمی بۆ كەسوكاریان دەردەبڕین و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین، دووپاتيشى دەكەینەوە كە ڕەوشەكە وا دەخوازێ هەرچی زووترە كێشە و ناكۆكییە نێوخۆییەكانی عێراق چارەسەر بكرێن و پێكەوە بەرەنگاری هەڕەشەی جدديی سەرهەڵدانەوە و تەشەنەسەندنی تیرۆر ببینەوە".