پەیكەری خۆڕاگری و ھەستانەوە لە ئاویەری سنە دادەندرێت

پەیكەرەكە 22 مەتر بەرزە و لەلایەن ھادی زیائەدینی دروستكراوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

شارەوانی شاری سنەی رۆژھەڵاتی كوردستان پەیكەرێكی گەورەی لە بەرزاییەكانی ئاویەر داناوە، كە بەسەر شاری سنەدا دەروانێت، ئەو پەیكەرە كە گەورەترین پەیكەری ئێرانە لە لایەن ھونەرمەندی پەیكەرتاش ھادی زیائەدینی دروستكراوەو خۆی دەڵێ، پەیامی پشت پەیكەرەكە ئەوەیە كە نەتەوەیەك ھەرچەند سەركوت كرابێت، بەڵام لەكۆتاییدا ھەڵدەستێتەوە.

پەیكەرێكی گەورە بە پەیامێكی گەورەترەوە، پەیكەری خۆراگری و ھەستانەوە بەسەر شاری سنەدا دەروانێت، ئەگەرچی لە سەردەمی بڵابوونەوەی  كۆرۆنادا كارەكەی تەواو بووە و لە بەرزاییەكانی ئاویەری سنە جێگیر كراوە، بەڵام پەیامەكەی ھەستانەوەی نەتەوەیەكە.

دروستکەری ئەو پەیكەرە ھادی زیائەدینییە، پەیكەرتاشی ناوداری كورد كە  پەیكەرەكانی لەزۆربەی شارەكانی رۆژھەڵات و باشوورو تەنانەت باكووری كوردستان و یازدە وڵاتی دیكەی جیھان دانراون، دەڵێ "زۆرم بیر لێكردەوە تا ئەوەی لە دڵمدایە بەو پەیكەرە لەسەر نەتەوەی كورد دەری ببڕم".

پەیكەری خۆڕاگری و ھەستانەوە 22 مەتر بەرزە، لە بەرزاییەكانی ئاویەریش داندراوە، كە ئەوە بەرزی و ھەیبەتێكی كەم وێنەی پێداوە، ئەگەرچی پەیكەرەكە گەورەترین پەیكەرە لە ئێران، بەڵام لەلای زیائەدینی ماندووبوونە 8 ساڵییەكەی لەپێناو پەیامی پەیكەرەكەدا بووە نەك قەبارەكەیدا.

بڕیاربوو نەورۆزی ئەمساڵ لە رێوڕەسمێكی گەورەدا پەردە لەسەر پەیكەرەكە لابدرێت، بەڵام كۆرۆنا دوایخست، پەیكەرەكە بەبێ دەنگی داندراوە، بەڵام پەیامێكی گەورەی بەكۆڵ دا داوە.