بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران عێراق لەناوخۆ داوای قەرز دەكات

لە كۆبوونەوەیەكی وەزارەتی دارایی بڕیاردراوە

K24 - ھەولێر

حكومەتی عێراق بڕیاریداوە، بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، دەست بە وەرگرتنی قەرز لە ناوخۆ بکرێت.

وەزارەتی دارایی عێراق، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە کاروباری دابینکردنی پارەی پێویستە دەستی بە توێژینەوە کردووە، لە توێژینەوەکان تاوتوێی کەمی کاشی پێویست کراوە، کە بەهۆی داڕمانی نرخی نەوتەوە بەرۆکی وڵاتەکەی گرتووە.

لە کۆبوونەوەدا بڕیاردراوە، بۆ دابینکردنی مووچە فەرمانبەران، دەست بە وەرگرتنی قەرز لە ناوخۆی وڵاتدا بکرێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگە جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری دارایی و عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی، بریکاری وەزارەتی پلاندادان،  بەڕێوەبەرانی بانکەکانی رافیدەین و رەشید بەڕێوەچووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکە دابینکردنی پێویستییەکانی وڵات و ئامادەکارییەکان بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی ئایار بووە. هەروەها پارەدارکردنی بەشێک لە دامەزراوە حکومییەکانی وڵات بە گوێرەی تایبەتمەندی کارەکانیان.