نەتەوە یەکگرتووەکان داوای پارە لە دەوڵەمەندان دەکات

"ئەگەر پەلە نەكرێت ئەوە برسییەتی و ھەژاری بەرۆكی جیھان دەگرێت"

K24 - ھەولێر

نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژە بەوەدەدات، پێویستە لە سەردەمی كۆرۆنادا، دەوڵەمەندان پارە بۆ هاوکاری خەڵک تەرخان بکەن.

رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، داوای كۆكردنەوەی 4 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار دەكات، بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە گیانی ملیۆنان كەس بە پارێزراوی بمێنێتەوە.

ھەروەھا بەرنامەی خۆراكی جیھانی ئاماژەی بەوەداوە، پێویستە لەسەر دەوڵەمەندانی جیھان، بەتایبەتی ئەوانەی لە سەردەمی كۆرۆنادا کارەکانیان فراوانتر بووە و قازانجیان کردووە ھاوكاری زیانمەندان بكەن، چونكە ئەگەر دەوڵەمەندەكان ئەو ھەنگاوە نەنێن، ئەوە جیھان دەبێتە قوربانی كۆرۆنا، هەروەها ئەو پارانەی كە لەلایەن دەوڵەمەندانەوە دەبەخشرێت  دەچێیە پاڵ ئەو 2 ملیارەی كە نەتەوەیەكگرتووەكان لە 25ی ئادار لە كاتی خستنەڕووی پلانە مرۆییەكەی داوای كردبوو، بەڵام تاوەكو ئێستا تەنیا نیوەی ئەو پارەیە كۆكراوەتەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیكردەوە، ئەگەر پەلە نەكرێت  ئەوە برسییەتی و ھەژاری بەرۆكی جیھان دەگرێت.