عێراق هاوردەکردنی بەنزین رادەگرێت

رۆژانە نزیكەی 10 ملیۆن لیتر بەنزینیان هاوردە دەکرد

 K24 - ھەولێر

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، چەندین پڕۆژە لە قۆناغی کارکردندان، لە نێویاندا فراوانکردنی پاڵاوگەکان، کە بە هۆیەوە پێویستییەکانی وڵات و کوالێتی سووتەمەنییه‌کان گەرەنتی دەکرێت، هاوکات وەزارەتی نەوت ئاماژەی بۆ ئەوە كردوە، هاوردەکردنی بەنزینیان راگرتووە، ئەوەش دوای ئەوەی عەمبارەکان سەرڕێژبوونە لە بەرهەمە نەوتییە جیاوازەکان.

حامد یونس، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوگە و گاز رایگەیاند، لە رۆژانی کەرەنتینە قەدەغەی هاتووچۆدا، وەزارەتی نەوت بەردەوام بووە لە پاڵاوتنی نەوتی خاو لە پاڵاوگە ناوخۆییەکاندا، بەوەش عەمبارەکان لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە پڕ بوونە لە سووتەمەنی.

هاوکات ئەو بریکارە ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ نزیکبوونەوەیان لە وەرزی هاوین خواست لەسەر بەرەهەمە نەوتییەکان بۆ وێستگەکانی کارەبا زیاد دەبێت، هەروەها خواست بۆ بەنزینیش لە لایەن هاووڵاتییانەوە زیاد دەکات.

ئاماژەی بەوەشدا، لەم مانگەدا هاوردەکردنی بەنزینیان راگرتووە، لە کاتێکدا رۆژانە هەشت بۆ 10 ملیۆن لیتر بەنزینیان هاوردە دەکرد.